رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێ، یەکێتیی ئەورووپا رازیبووە بڕێکی زۆری دیزڵ بخاتە بازاڕەکانەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دابەزاندنی نرخی سووتەمەنییەکان لە بازاڕەکانی جیهان.
رۆژی هەینی، 2ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە: "ئێستا ئەورووپا بەوە رازی بوو بڕێکی یەکجار زۆر لە دیزڵی کۆگراکراوی خۆی بخاتە بازاڕەوە. پرۆسەکە دەستبەجێ دەستپێدەکات".
دوای گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە چوار مانگی داهاتوودا نزیکەی 100 ملیۆن بەرمیل نەوت و دیزڵ دەخەنە بازاڕەکانی جیهانەوە. ئەم بڕە لە کۆگاکانی یەکێتییەکەدایە.
ئەم گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی فەرەنسا دوای ئەوە هاتن کە دوێنێ هەینی ماکرۆن پەیوەندییەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ سەرکردەکانی کۆمەڵەی حەوت رێکخست. جگە لە ئەمریکا و فەرەنسا، هەریەک لە ژاپۆن، کەنەدا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیاش ئەندامن و کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بوو لەسەر هەنگاوی هاوبەش سەبارەت بە نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا.
پێشتر یەکێتیی ئەورووپا بە تووندی دژی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی قەدەخەی هەناردەکردنی دیزڵ بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە وەستایەوە؛ بابەتێک کە ماکرۆنیش لە کاتی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ ترەمپ قسەی لەبارەوە کردبوو.
ئەم هەوڵە رۆژێک دوای ئەوە هات کە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا داوای لە وڵاتانی ئەورووپا کرد هاوکار بن لە دابەزینی نرخی سووتەمەنی.
بێسێنت لە ئێکس نووسی: "پێویستە هاوبەشە ئەورووپییەکانمان جێبەجێکردنی پابەندییە هەنووکەییەکانیان خێراتر بکەن و دەستبەجێ بڕی زیاتری پێداویستییەکان بەردەست بخەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کەمییەی لە بڕی سووتەمەنی هەیە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، "نابێت جووتیاران، شۆفێرانی بارهەڵگر و بازرگانانی ئەمریکی بارگرانیی کەمیی دیزڵیان بکەوێتە ئەستۆ".
هەمان رۆژ کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی گفتوگۆی لەبارەی قەیرانەکە کرد، لە نێویاندا یەدەگە ستراتیژییەکانی بەریتانیا.
32 ئەندامەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە لە مانگی ئاداری رابردوودا رێککەوتن لەسەر دەرهێنان و خستنەبازاڕی 400 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگیان، کە ئەوەش گەورەترین هەنگاوی خستنەبازاڕی نەوت بووە لە مێژوویاندا.
بەرزبوونەوەی نرخی دیزڵ و سووتەمەنی لە جیهان
نرخی دیزڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە چەند هەفتەی رابردوودا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست، لە کاتێکدا سەپاندنی قەدەخەی هەناردەکردن لەلایەن رووسیاوە وەک بەرهەمهێنەرێکی گەورە لە وەڵامی هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر دامەزراوەکانی سووتەمەنی، هۆکارێک بووە بۆ دروستبوونی گوشاری زیاتر لەسەر بازاڕی جیهانی.
پێش شوباتی ئەم ساڵ، یەکێتیی ئەورووپا نزیکەی 800 ملیۆن بەرمیل نەوت و جۆرەکانی دیکەی سووتەمەنی کۆگاکراوی هەبوو، بەڵام ئاداری ئەم ساڵ 92 ملیۆن بەرمیلی خستە بازاڕەوە. ئەگەر ئەم بڕەی ئێستاش بخاتە بازاڕەوە، ئەوا 608 ملیۆن بەرمیل لە کۆگاکانیدا دەمێنێت کە 66٪ی پێش جەنگی ئێرانە.
28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی وەڵامی دانەوە. لە 2ی ئادارەوە، ئێران وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەڕەشەیە تەنگەی هورمزی داخست کە پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا هەناردەدەکرا. لەو کاتەوە رۆژانە بە تێکڕا نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا هەناردە دەکرێ. ئەمەش گوشارێکی گەورەی لەسەر نرخی وزە لە بازاڕەکانی جیهاندا دروست کردووە.



