رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمریکا گرنگترین هاوبەشی ستراتیژیی وڵاتەکەیەتی. ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هێزە بیانییەکان، رێگە بە هیچ گرووپێکی چەکدار نادەن لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بمێنێتەوە و دەشڵێ، "داعش 400 ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە."
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتن-ی تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەمریکا وەک یەکەم وێستگەی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی، گوتی، "بارگرانیم بۆ جێماوە، وەک پسپۆڕییەکەم کە ماستەرم لە دارایی هەیە، دۆخی ئابووریی وڵاتەکەم شیکردەوە؛ ئەم بارگرانییە پێویستی بە هاوبەشێکی ستراتیژییە لەگەڵم شان بداتە ژێری، گرنگترین ستراتیژیش لە جیهاندا ئەمریکایە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوەی "وەک هیچ سەردانێکی دیکە نییە و سەردانێکی تەنیا سۆزدارانە نییە، بەڵکو عەقڵانییە."
کشانەوەی هێزەکان و هاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان
سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد و ئاشکرای کرد، لەگەڵیدا گەیشتوونەتە رێککەوتن. زەیدی گوتی، "لەگەڵ بەڕێز سەرۆک گفتوگۆم کرد کە 30ی ئەیلوول هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەچنە دەرەوە، لە بەرامبەردا کۆمپانیا ئەمریکییەکان دێنە بازاڕی عێراقەوە. ئەمە تەنیا سەردانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو سەردانێکی ئابووریی هاوبەش دەبێت."
"کوردستان و بەسرە هیچ جیاوازییەکیان نییە"
زەیدی، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و پێگەی هەرێمی کوردستان لە کابینەکەیدا گوتی، "وەک جەستەیەک سەیری عێراق دەکەم، هەر ناوچەیەکی جوگرافی لە عێراق بەشێکە لە جەستەم و جیاکاری لەنێوان هیچ بەشێکیان ناکەم. ناکرێت بە دەستی خۆم بەشێکی جەستەم ببڕم."
هەروەها دووپاتی کردەوە، "کوردستان بەشێکی گرنگی عێراقە و هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ بەسرە و پارێزگاکانی دیکە."
کۆتاییهێنان بە چەکی دەرەوەی دەوڵەت
یەکێک لە تەوەرە هەرە هەستیارەکانی قسەکانی سەرۆکوەزیران، پرسی گرووپە چەکدارەکان بوو. زەیدی رایگەیاند، "کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا خاڵێکی سەرەکیی کارنامەی حکومەتەکەمە و ئەم بڕیارەم هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە."
زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر چەکێکی زۆریان لە هەندێک گرووپ وەرگرتووەتەوە و ئەوانەی چەکیان داناوە هاتوونەتە نێو کایەی سیاسی. سەرۆکوەزیران هۆشداریی دا و گوتی، "لە دوای 30-09 پێویست بە بوونی هیچ گرووپێکی چەکدار ناکات و هیچ بیانوویەک بۆ مانەوەیان نامێنێ. رێگە بە هیچ لایەنێک نادەین لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا چەک هەڵبگرێت."
عەلی فالح زەیدی راشیگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای پاراستنی خاکی وڵاتەکەیان هەیە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم ساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو "گەورەترین کۆنگرەی سەروەریی نیشتمانی" رابگەیێنن، بۆ ئەوەی دووپاتی بکەنەوە "بڕیاری عێراق تەنیا لە دەستی عێراقییەکانە."
داعش زەرەری 400 ملیار دۆلاری لە عێراق داوە
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی زەیدی، باسی هەڵوێستی وڵاتەکەی کرد لەبارەی ئۆپێک گوتی، "ئێمە یەکێکین لە دامەزرێنەرانی، بەڵام پشک و مافی عێراقمان دەوێ. عێراق بە پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەنگی دژی داعش و هەموو تیرۆریستانی کرد. ئەو جەنگە تێچوویەکی زۆری هەبوو و ژێرخانی عێراقی وێران کرد. بڕی ئەو زەرەر و زیانەی بەر عێراق کەوت زیاتر لە 400 ملیار دۆلار بوو."
سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە، "تاوەکو ئەمڕۆیش هەندێک باڵەخانە و ماڵی عێراقییەکان خاپوورن و لەنێو خێوەتەکاندان. ئێستاش پلانمان هەیە بیانگەڕێنینەوە زێدی خۆیان. پشکێکی دادپەروەرانەمان بۆ عێراق دەوێ، زیاتر نا."


