رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران دەگەڕێننەوە و لەمەودوا ئەمریکا پارێزەری تەنگەی هورمزە. دەشڵێ، لەبەرامبەر ئەو ئەرکە، "دەبێت ئەمریکا بە رێژەی 20٪ لەسەر سەرجەم ئەو بارانەی دەگوازرێنەوە قەرەبوو بکرێتەوە."
رۆژی دووشەممە 13-07-2026 دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیال نووسی: "تەنگەی هورمز کراوەیە و بە کراوەییش دەمێنێتەوە، بە ئێران یان بەبێ ئێران. ئێمە 'گەمارۆی ئێرانی' کارا دەکەینەوە، کە بەو جۆرە ناونراوە چونکە تەنیا رێگری لە کەشتی یان کڕیارەکانی ئێران دەکات، کە بێنە ناوەوە یان دەربچن."
ترەمپ روونیکردەوە: "سەرجەم وڵاتانی دیکە دەتوانن بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و کراوە تەنگەکە بەکاربهێنن. لەمەودوا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە 'پارێزەری تەنگەی هورمز' دەناسرێت، بەڵام وەک پارێزەرێک و لەپێناو دادپەروەریدا، دەبێت 20٪ لەسەر سەرجەم ئەو بارانەی دەگوازرێنەوە قەرەبوو بکرێتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا نووسی: "پرۆسەکە دەستبەجێ دەستپێدەکات."
پێش ئەو بڵاوکراوەیە ترەمپ بە میدیای وڵاتەکەی گوت: "ئێمە دەبینە پارێزەری تەنگەکە، پێشتر بەخۆڕایی دەمانپاراست، بەڵام ئێستا دەبێت وڵاتە دەوڵەمەندەکان قەرەبوومان بکەنەوە. ئێمە پارەیەکی زۆر وەردەگرین بۆ پاراستنی، تەنیا دەمانەوێت قەرەبووی ئەو هەموو کارەمان بکرێتەوە، قەرەبووی ئەوەی خەڵکی خۆمان دەخەینە مەترسییەوە."
ترەمپ هەروەها گوتی: "ئێمە کۆنترۆڵی تەنگەکە دەکەین. ئەوان هیچ شتێکیان نییە. دوێنێ 11 کاژێر کۆبوونەوەیان کرد و لەسەر هەموو شتێک رێککەوتین، بەڵام کاتێک ژوورەکە جێدەهێڵن، پەیوەندی دەکەنەوە و دەڵێن دەبێت چەند گۆڕانکارییەک بکەین."
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە رایگەیاند، حکومەت لەگەڵ نێوەندگیرەکانی قەتەر، پاکستان و عومان لە گفتوگۆدایە بۆ رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگەکە.
دەقی پۆستەکەی ترەمپ
"تەنگەی هورمز کراوەیە و بە کراوەییش دەمێنێتەوە، بە ئێران یان بەبێ ئێران. ئێمە 'گەمارۆی ئێرانی' کارا دەکەینەوە، کە بەو جۆرە ناونراوە، چونکە تەنیا رێگری لە کەشتی یان کڕیارەکانی ئێران دەکات کە بێنە ناوەوە یان دەربچن. سەرجەم وڵاتانی دیکە دەتوانن بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و کراوە تەنگەکە بەکاربهێنن. لەمەودوا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە 'پارێزەری تەنگەی هورمز' دەناسرێت، بەڵام وەک پارێزەرێک و لەپێناو دادپەروەریدا، دەبێت بە رێژەی 20٪ لەسەر سەرجەم ئەو بارانەی دەگوازرێنەوە قەرەبوو بکرێتەوە، بۆ هەر تێچوویەک و هەموو ئەو تێچووانەی کە پێویستن لە بەرامبەر ئەرکی دابینکردنی سەلامەتی و ئاسایش بۆ ئەم ناوچە ناجێگیرەی جیهان. پرۆسەکە دەستبەجێ دەستپێدەکات."



.png&w=3840&q=75)