رووداو دیجیتاڵ
عێراق و ئەمریکا لەسەر کۆمەڵێک رێکاری نوێ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆلار رێککەوتن تاوەکو رێگری بکرێت لە گەیشتنی دۆلار بە ئێران و هاوپەیمانەکانی، ئەوەش لە بەرامبەر دەستپێکردنەوەی ناردنی دۆلاری کاش لە لایەن ئیدارەی ترەمپەوە بۆ بەغدا.
رۆژی چوارشەممە، 8ی تەممووزی 2026 بەرپرسانی ئەمریکی و عێراقی رایانگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سڕکردنی چوار مانگەی ناردنی دۆلاری بۆ عێراق هەڵگرتووە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە واشنتن لە کۆتایی مانگی شوبات و لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئێران، ناردنی دۆلاری بۆ بەغدا راگرتبوو و داهاتى نەوتى عێراقی لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرک هەڵگرتبوو.
مەرجەکانی ئەمریکا بۆ بەغدا
بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)، لە بەرامبەر دەستپێکردنەوەی ناردنی دۆلار، بەغدا بەڵێنیداوە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگری لەوەی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لە رێگەی نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو یان مووچەی ئەندامانی میلیشیاکانەوە دەستیان بە دۆلار بگات. بەرپرسێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گوتی، ناردنی دۆلار تەنیا دوای ئەوە دەستیپێکردووەتەوە کە عێراق پابەندبووە بە جێبەجێکردنی "پارێزبەندیی" زۆرتر بۆ پاراستنی سیستەمی دارایی وڵاتەکە لە قۆستنەوەی لە لایەن میلیشیاکانەوە.
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی عەلی ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتڕاستیکردەوە کە گواستنەوەی پارە دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام ئامادەنەبوو وردەکاریی ئەو رێکارانە ئاشکرا بکات کە بەغدا بۆ رێگری لە چوونی دۆلار بۆ ئێران لەسەری رێککەوتووە.
پێگەی زەیدی و گوشاری واشنتن
عەلی زەیدی کە پێشتر هیچ پۆستێکی حکومیی نەبووە و لە مانگی ئایاردا وەک سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە. ئیدارەی ترەمپ مەرجی بۆ پشتگیریکردنی زەیدی داناوە، کە دەبێت گرووپە چەکدارەکان لە حکومەت دووربخاتەوە و هەژموونی تاران لە بەغدا کەمبکاتەوە. زەیدی فەرمانی بە میلیشیاکان کردووە چەکەکانیان دابنێن و بێنە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت.
ڤیکتۆریا تایلۆر، کە پێشتر بەرپرسی دۆسیەی عێراق بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئێستا لە سەنتەرى (ئەتڵانتیک) کار دەکات، دەڵێت: "ئێران و میلیشیاکان رەگ و ریشەیان لە تەواوی ئابووریی عێراقدا هەیە. ئەمە ئاڵنگارییەکی سیاسییە و هەر بۆیە ئیدارەی ترەمپ هەنگاوە داراییەکان و گوشارەکان بۆ چەککردنی میلیشیاکان پێکەوە گرێ دەدات."
میلیشیاکان و فێڵە داراییەکان
لە کاتی جەنگی ئێراندا، گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و درۆنیان ئاراستەی هاوپەیمانەکانی واشنتن لە کەنداو کرد. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، میلیشیاکان لە رێگەی کڕینی بڕێکی زۆری کارتی "ماستەرکارد و ڤیزا" لە عێراق و بردنیان بۆ ئیمارات و وڵاتانی دراوسێ، دۆلاریان بۆ ئێران دابین کردووە و پاشان بە گۆڕینەوەی بە دینار، قازانجێکی زۆریان بۆ تاران بەدەستهێناوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارانە، لە ساڵانی 2023 و 2024 زیاتر لە 20 بانکی عێراقی لە مامەڵەکردن بە دۆلار قەدەخە کران.
پشتبەستنی عێراق بە دۆلاری کاش بۆ ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە، کاتێک واشنتن رێککەوت داهاتی نەوتی عێراق لە بانکی فیدراڵیی نیویۆرک بپارێزێت. بۆ کارپێکردنی ئابووریی عێراق، بانکی فیدراڵی ساڵانە تاوەکو 13 ملیار دۆلاری کاش رەوانەی بەغدا دەکات. بە گەیشتن بەم رێککەوتنە نوێیە، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بەغدا زیاتر بەرەو واشنتن رابکێشێت و رێڕەوە داراییەکانی تاران لە ناوچەکەدا بە تەواوی رابماڵێت.

.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)