رووداو دیجیتاڵ
بەڵگەفیلمی (نان بە تامی خۆڵ) خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی فێستیڤاڵی دۆپائۆی لە پۆرتوگال بردەوە.
هێمن ئالانی، دەرهێنەری بەڵگەفیلمی (نان بە تامی خۆڵ) بە رووداوی راگەیاند: "فیلمەکەم خەڵاتێکی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی دۆپائۆی لە پۆرتوگال بردەوە."
هێمن ئالانی گوتی: "بەڵگە فیلمی نان بە تامی خۆڵ، لە تەنگەی هورمز بەرهەم هێنراوە و لە چەندین فێستیڤاڵ پێشان دراوە."
هێمن ئالانی ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵگەفیلمەکەی سەبارەت بە خاکی نزیک تەنگەی هورمزە، بە جۆرێک پێشانی دەدات کە خەڵکی ئەو ناوچەیە بۆ دروستکردنی نان سوود لە خاکەکەی وەردەگرن.
فێستیڤاڵی دۆپائۆ لە رۆژانی 18 بۆ 23ـی ئەیلوول لە شارۆچکەی ئەلبێرگاریا ئاڤێلها لە باکووری پۆرتوگال بەڕێوەچوو.
هێمن ئالانی، هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە، تەمەن 35 ساڵە و تاوەکو ئێستا 9 فیلم و بەڵگە فیلمی بەرهەمهێناوە و ئێستا خەریکی بەڵگە فیلمێکە لەبارەی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس.




