رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە باشترین شوێنەکان بۆ گەڕان بەدوای ژیاندا لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر، رەنگە زۆر لێمانەوە نزیک بێت. زانایان زانیاریی نوێیان لەسەر هەسارەیەک دۆزیوەتەوە کە زۆر لە زەوی دەچێت و ئەگەری هەیە ئاوی شل و ژیانی تێدابێت.

ئەم هەسارەیە کە ناوی (GJ 3378b)ـیە و سەرەتا لە ساڵی 2024 دۆزرابووەوە، بە "سووپەر زەوی" یاخود “Super-Earth” ناودەبرێت، واتە لە زەوی گەورەترە، بەڵام پێکهاتەکەی وەک زەوی بەردینە، نەک گازی. هەسارەکە بە دەوری ئەستێرەیەکی بچووک و ساردتر لە خۆر (کە پێی دەگوترێت ئەستێرەی کورتەباڵای سوور) دەسوڕێتەوە.
چی نوێ دۆزراوەتەوە؟
لە نوێترین توێژینەوەدا کە لە گۆڤاری زانستیی (Astrophysical Journal) بڵاوکراوەتەوە، زانایان زانیارییەکانیان لەسەر هەسارەکە نوێکردووەتەوە.
پێشتر وا دەزانرا کێشی هەسارەکە 5.3 هێندەی زەوییە (کە ئەوکات چاوەڕوان دەکرا هەسارەیەکی گازی بێت)، بەڵام ئێستا بە تێلیسکۆپی زۆر پێشکەوتووتر دەرکەوتووە کێشەکەی تەنیا 2.3 هێندەی زەوییە. ئەمەش بەتەواوی دڵنیایی بە زانایان دەدات کە هەسارەکە گازی نییە و بەردینە، وەک زەوییەکەی خۆمان.
ئایا زۆر دوورە؟
پۆڵ رۆبەرتسن، زانا لە زانکۆی کالیفۆرنیا دەڵێت: "ئەمە دۆزینەوەیەکی زۆر دڵخۆشکەرە. ئەم هەسارەیە یەکێکە لە نزیکترین دراوسێکانمان لە بۆشایی ئاسماندا. دوورییەکەی تەنیا 25 ساڵی رووناکییە. رەنگە 25 ساڵی رووناکی بە لای ئێمەوە زۆر بێت، بەڵام ئەگەر بزانین پانیی رێگەی کاکێشان نزیکەی 100 هەزار ساڵی رووناکییە، ئەوکات تێدەگەین کە ئەم هەسارەیە رێک لە تەنیشت ماڵی خۆمانە."
بۆچی دەڵێن شیاوە بۆ ژیان؟

ئەوەی زانایانی زیاتر دڵخۆش کردووە ئەوەیە کە هەسارەکە لە "ناوچەی شیاو بۆ ژیان"دایە. واتە نە زۆر لە ئەستێرەکەیەوە نزیکە تاوەکو ئاوەکەی ببێتە هەڵم و نە زۆر دووریشە تاوەکو ئاوەکەی ببەستێت و ببێتە سەهۆڵ.
هەسارەکە لە ماوەی 21.45 رۆژدا جارێک بە دەوری ئەستێرەکەیدا دەسوڕێتەوە، و نزیکەی 90٪ـی ئەو تیشک و گەرمییە وەردەگرێت کە زەوی لە خۆرەوە وەریدەگرێت.
رۆبەرتسن دەڵێت: "درووشمی ئێمە ئەوەیە 'بەدوای ئاودا بگەڕێ'، چونکە هەر زیندەوەرێک کە دەیناسین پێویستی بە ئاوە، بۆیە یەکەم شت کە بۆی دەگەڕێین لە هەسارەکاندا، بوونی ئاوی شلە."
کێشەکە چییە؟
هەرچەندە هەسارەکە بەردینە و لە شوێنێکی زۆر گونجاودایە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە بەدڵنیاییەوە ژیانی تێدایە. بۆ ئەوەی ئاوی شل لەسەر هەسارەیەک بمێنێتەوە، پێویستی بە بەرگەهەوا هەیە و زانایانیش هێشتا نازانن ئایا ئەم هەسارەیە بەرگەهەوای هەیە یان نا. هەروەها ئەستێرە کورتەباڵا سوورەکانیش زۆرجار تیشک و گەردەلوولی زۆر بەهێز دەردەدەن کە رەنگە بەرگەهەوای هەسارەکانی دەوروبەری خۆیان راماڵن و لەنێوی ببەن.
لەگەڵ ئەوەشدا، زانایان پێیانوایە ئەم هەسارەیە ئێستا لە ریزی پێشەوەی ئەو شوێنانەدایە کە لە داهاتوودا دەبێت پشکنینی زیاتری بۆ بکەن، تاوەکو بزانن ئایا ئێمە لە گەردووندا تەنیاین یان زیندەوەری دیکەش هەیە.



