رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل بەتووندی رەتی دەکاتەوە ئیسرائیل پلانی هەبووبێت گەورە بەرپرسانی ئێرانی لە کاتی دانوستاندنـەکانی ئاشتیی نێوان واشنتن و تاران بکوژێت و ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن، بە "هەواڵی ساختە" و "هەڵبەستراو " ناو دەبات.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رەتیکردەوە ئیسرائیل هیچ نیازێکی هەبووبێت بۆ کوشتنی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، کە سەرکردایەتیی شاندی دانوستاندنکاری ئێران دەکەن.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "وەک هەمیشە، نوێترین چیرۆکی نیویۆرک تایمز سەبارەت بە ئیسرائیل و دانوستاندنکارانی ئێران هەواڵێکی ساختەیە... شێواندنی تەواوەتیی راستییەکانە."
راپۆرتەکە باسی چی دەکرد؟
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە دواتر دەزگا میدیاکانی دیکەی ئەمریکا بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانیان پشتڕاستیان کردەوە، بەرپرسانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا بڕوایان وابووە کە رەنگە ئیسرائیل بیری لە کوشتنی ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئێران کردبێتەوە، ئەوەش رێک لەو کاتەدا کە واشنتن سەرقاڵی دانوستاندن بوو لەگەڵ تاران.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردبوو کە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە کاتی دانوستاندنـەکانی ئاگربەستدا لە مانگی نیسان زیادیان کردووە. دەگوترێت هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا ترسیان لەوە هەبووە کە هەر هەوڵێک بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئێران، دەتوانێت کۆتایی بە گفتوگۆکان بهێنێت و جارێکی دیکە ئاگری شەڕەکە خۆش بکاتەوە.
تەنانەت بەپێی راپۆرتەکە، ئەمریکا داوای لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کردووە، هۆشداری بدەنە ئێران سەبارەت بە ئەگەری بەئامانجگرتنی ئەو دوو بەرپرسە.
نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە کاتی دانوستاندنەکانی ئاشتیدا
راپۆرتەکە دەڵێت، بەرپرسانی ئەمریکا دانیان بەوەداناوە کە لە قۆناخی هەرە سەختی ململانێکاندا، عێراقچی و قالیباف، وەک ئەندامانی باڵای سەرکردایەتیی ئێران، دەکرا لەلایەن ئیسرائیلەوە (کە هەوڵی رووخاندنی حکومەتی ئێرانی دەدا) وەک ئامانجێکی رەوا سەیر بکرین.
بەڵام کاتێک دانوستاندنـەکان لە مانگی نیساندا خێراتر بوون، دەگوترێت بەرپرسانی ئەمریکی بڕوایان وابووە کە هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو دوو پیاوە، دەتوانێت پرۆسەی دیپلۆماسی لەبارببات و کۆتایی بە هیوای گەیشتن بە ئاگربەست بهێنێت.
شەڕەکە لە 28ـی شوبات بە هێرشێکی ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و چەندین بەرپرسی دیکەی باڵای ئەو وڵاتە. راپۆرتەکان دەڵێن، ئەو ئۆپەراسیۆنە تاڕادەیەک بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگریی ئەمریکا کرا.
ئەمریکا نزیکترین هاوپەیمانی ئیسرائیلە، بەڵام لەم چەند هەفتەیەی دواییدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا رەخنەی لە نەتەنیاهوو گرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل دژی حیزبوڵڵا لە لوبنان، هەڕەشەیان بۆ سەر دانوستاندنـەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێران دروستکرد.



