رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکی تایبەتدا بەبۆنەی 250یەمین ساڵیادی راگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، ئێران بە پەرۆشە بۆ رێککەوتن. هەروەها هێرشی تووندی کردە سەر "کۆمۆنیزم" و رایگەیاند، ئەمریکا لە هەموو کاتێک بەهێزترە و نەیارەکانی لە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ناچار بە پاشەکشە کردووە.
"ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات"
لەبارەی سیاسەتی دەرەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارەکانی ئەمریکا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی لە چەند ساڵی رابردوودا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە. ترەمپ گوتی، "لە یەک رۆژدا لە ڤەنزوێلامان بردەوە و گورزی کوشندەشمان لە ئێران وەشاند."
سەبارەت بە دۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئێستا ئەوان (ئێرانییەکان) زۆر بە پەرۆشن بۆ ئەوەی دابنیشن و رێککەوتن بکەن." هەروەها باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی لەکاتی تەنگانەدا رێزی لە بنەما مرۆییەکان گرتووە، "تەنانەت هەفتەیەک مۆڵەتمان پێدان بۆ رێوڕەسمی پرسە، چونکە ئێمە رەفتارمان باشە."
"کۆمۆنیزم واتە مردن"
بەشێکی زۆری گوتارەکەی ترەمپ تەرخانکرابوو بۆ هێرشکردنە سەر ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم. ئەو گوتی، "کۆمۆنیزم رێک پێچەوانەی ژیان، ئازادی و گەڕانە بەدوای بەختەوەریدا؛ کۆمۆنیزم واتە مردن و ستەمکاری."
ترەمپ بەڵێنیدا کە رێگە نادات ئەمریکا ببێتە وڵاتێکی کۆمۆنیست و گوتی، "ئەوانەی دەیانەوێت مێژووی شکۆداری ئەمریکا بشێوینن، تەنیا هێرش ناکەنە سەر رابردوومان، بەڵکو هێرش دەکەنە سەر داهاتوومان، بەڵام ئێمە ناهێڵین ئەوە رووبدات."
ئەمریکا؛ نیشتمانی داهێنانەکان
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە مێژووی 250 ساڵەی وڵاتەکەی کرد وەک "سەردەمی زێڕین" و گوتی، ئەمریکا جیهانی مۆدێرنی دروستکردووە. ترەمپ باسی لیستێکی درێژی داهێنانەکانی ئەمریکای کرد، لەوانە: کارەبا، فڕۆکە، ئینتەرنێت، مۆبایلی هۆشمەند و تەنانەت گەیشتن بە مانگ.
لەڕووی ئابوورییەوە، ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا لە 12 مانگی رابردوودا 19.2 تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان هێندراوەتە نێو ئەمریکاوە و کارگەکان بە خێراییەکی زۆر لە دروستکردن و گەشەکردندان.
سەردەمێکی نوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا وڵاتەکەی لەلایەن هەموو پاشا، سەرۆکوەزیران و سەرۆکەکانی جیهانەوە رێزی لێدەگیرێت. گوتیشی، "دوو ساڵ لەمەوبەر گاڵتەمان پێدەکرا و وڵاتەکەمان لە پاشەکشەدا بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئێمە باشترین و بەهێزترین وڵاتی جیهانین."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە "باشترینەکان هێشتا لەڕێگەن" و ئەم قۆناخە تەنیا سەرەتایەکە بۆ ئەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە لە هەموو کاتێک گەورەتر و بەهێزتر بکرێتەوە.



