رووداو دیجیتاڵ شاندە باڵاکانى ئەمریکا و ئێران بۆ دەستپێکردنى گفتوگۆکان لەسەر یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنى ئاشتى، گەیشتنە هاوینەهەوارى (بورگنستۆک) لە سویسرا. رۆژی یەکشەممە، 21ی حوزەیرانی 2026 وەزارەتى کاروباری دەرەوەی سویسرا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕى میدیایی رووداو گوتی، شاندى ئەمریکا بە سەرۆکایەتیى جەی دی ڤانس، جێگرى سەرۆکى ئەمریکا و شاندى ئێران بە سەرۆکایەتیى محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانى ئێران گەیشتوونەتە شوێنى کۆبوونەوەکە. وەزارەتەکە گوتیشی، نێوەندگیرەکانى پاکستان و قەتەریش هاوەڵیى شاندەکان دەکەن و گفتوگۆکان هەر ئەمڕۆ یەکشەممە لەنێوان لایەنەکاندا دەستپێدەکات. ئەم کۆبوونەوەیە بە مەبەستى یەکلاییکردنەوەى وردەکارییەکانى یاداشتنامەى لێکتێگەیشتنى 14 خاڵییە کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی 107 رۆژەى ئێران. ئەم گفتوگۆیانە دواى ئەوە دێن کە بڕیاربوو رۆژی هەینى ئەنجام بدرێن، بەڵام بۆ دوو رۆژ دواخران. سویسرا وەک وڵاتى میواندار، ئامادەکاریى تەواوى لۆجیستى بۆ سەرکەوتنى ئەم گفتوگۆیانە کردووە.