رووداو دیجیتاڵ
سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیلی رایگەیاند، داوایەکی یاسایی لەسەر هاوژینی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تۆمار کردووە، دوای ئەوەی ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئەو سیاسەتڤانە زانیاریی پێشوەختەی لەسەر هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی حەماس هەبووە.
داواکە بە تۆمەتی ناوزڕاندن و هاندانی تووندوتیژییە، لە کاتێکیشدایە کە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل چڕبوونەتەوە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 14ی راستڕۆی ئیسرائیلی لە کۆتاییەکانی مانگی ئاب دا، سارە نەتانیاهوو، هێرشی تووندی کردە سەر یائیر گۆلان، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەرکانی سوپا کە سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتەکان سەر بە چەپی میانڕۆی ئیسرائیل دەکات.
سارە نەتانیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، گۆلان ئاگاداری پلانەکانی حەماس بووە بۆ هێرشکردنە سەر باشووری ئیسرائیل و بانگەشەی ئەوەی کرد، گۆلان لە بەیانیی ئەو رۆژەدا ئامادەی هێرشەکە بوو، "لە کاتێکدا کەسانی دیکە، بە سەرۆکوەزیرانیشەوە، هیچیان نەدەزانی."
لێدوانەکانی سارە نەتانیاهوو شەپۆلێک لە وەڵامدانەوەی لێکەوتەوە و بەشێکی ئیسرائیلییەکان بڕیاریاندا ستایشی گۆلان بکەن بۆ کاردانەوەکەی لە 7ی ئۆکتۆبەردا، کاتێک خۆبەخشانە چوو بۆ هاوکاری لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە بە بەکارهێنانی چەکی کەسیی خۆی.
رۆژی پێنجشەممە، گۆلان رایگەیاند، داوایەکی یاسایی بە تۆمەتی ناوزڕاندن و هاندانی تووندوتیژی تۆمار کردووە.
بەپێی دەقی داوا یاساییەکە: "ئەم تیۆرییانەی پیلانگێڕیی خۆبەخۆ دروست نەبوون، بەڵکو لە مێشکی بەدخوازی ئەو کەسانەوە هاتوون کە هەوڵدەدەن خۆیان لە بەرپرسیارێتیی ئەم کارەساتە ترسناکە بپەڕێننەوە."
بەپێی هەمان بەڵگەنامە، گۆلان داوای قەرەبووی 2.5 ملیۆن شیکڵ (822 هەزار دۆلار) دەکات، هاوکات داوا لە سارە نەتانیاهوو دەکات کە لێدوانەکەی پاشگەز بێتەوە.
یادی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدایە، بەو پێیەی نەتانیاهووش رووبەڕووی تۆمەتی هەبوونی زانیاریی پێشوەختە بووەتەوە.
راپۆرتێکی ئەم هەفتەیەی میدیای ئیسرائیل تۆمەتی ئەوە دەداتە پاڵ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیان کە پێش هێرشەکە لەلایەن ئیماراتەوە ئاگادارکراونەتەوە لەبارەی پلانێکی حەماس بۆ هێرش. بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەو راپۆرتەی رەتکردووەتەوە.
رۆژی 7ی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنی زەوینی وەڵام درایەوە. تشرینی یەکەمی رابردووش، هەردوولا ئاگربەستیان واژۆکرد بەڵام هێشتا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامن.
بەپێی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس کە پشتی بە ئامارە فەرمییەکانی ئیسرائیل بەستووە، بەهۆی هێرشەکە هەزار و 221 ئیسرائیلی کوژران. چەکدارەکان 251 بارمتەیان بەرەو غەززە برد، کە 44یان لەوێ مردن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی غەززە کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە و نەتەوە یەکگرتووەکان ئامارەکانی بە باوەڕپێکراو دەزانێت، هێرشە ئاسمانی و زەوینییە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل وەک وەڵامدانەوەیەک، زۆربەی ناوچەکانی غەززەی کردووەتە کەلاوە و بووەتە هۆی کوژرانی 73,670 کەس.



