رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی سەربازی لە حکومەتی یەمەن کە لەلایەن سعودیە پشتیوانی دەکرێت، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند حووسییەکان دەستیان بەسەر شاری موخای سەر دەریای سووردا گرتووە، ئاماژەی بەوەش کرد، حووسییەکان بەرەو ناوچەکانی تەنیشت تەنگەی ستراتیژیی بابولمەندەب پێشڕەوی دەکەن.
ئەو بەرپرسە سەربازییە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "حووسییەکان دوای کۆنترۆڵکردنی شاری موخا، بەرەو بابولمەندەب دەڕۆن." هاوکات شایەتحاڵەکان باسیان لەوە کرد کە "چەکدارانی حووسی بە ئاهەنگگێڕانەوە و بە گوتنەوەی دروشمەکانی 'مەرگ بۆ ئەمریکا، مەرگ بۆ ئیسرائیل' چوونەتە نێو شارەکە."
بەرپرسەکە گوتیشی حووسییەکان "دەستیان بەسەر دوورگەی زوقەری یەمەن لە باشووری دەریای سووردا گرتووە، ئەمەش دوای هێرشێک بە مووشەکی بالیستی کە دواتر هێرشێکی زەوینی لە رێگەی بەلەمی پڕ لە چەکدار بەدوادا هات."
لە بەرامبەردا، حووسییەکان رۆژی پێنجشەممە رایانگەیاند، هێزی ئاسمانیی سعودیە نزیکەی 40 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر چەندین پارێزگەی یەمەن، ئەمەش رۆژێک دوای ئەوە هات کە باسیان لە زیاتر لە 50 هێرشی ئاسمانی کردبوو بۆ سەر چەندین ناوچە، بەتایبەت لە تەعز و حودەیدە، کە تێیاندا پێکدادانی تووند لە نێوان ئەوان و هێزەکانی حکومەتدا بەردەوامە.
بەرگریی شارستانیی سعودیە سەرەتای رۆژی پێنجشەممە زەنگی هۆشداری لە شاری ئەبها و پارێزگای خەمیس موشەیت لە باشووری سعودیە لێدا، پێش ئەوەی دواتر هۆشدارییەکان هەڵبگرێت.
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە ئێوارەی چوارشەممە رایگەیاند، چەکدارانی حووسی هێرشی نوێیان بە "مووشەکی بالیستی و درۆن" کردووەتە سەر باشووری شانشینەکە و جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانیان وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە.
بەپێی راگەیێندراوی فەرمیی ریاز، حووسییەکان لە شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر شار و دامەزراوەکانی باشووری رۆژئاوای سعودیە، کە بەهۆیەوە 73 هاووڵاتیی سڤیل بریندار بوون.
ماوەی هەفتەیەکە یەمەن بە شەڕ و پێکدادانی توونددا دەڕوات لە نێوان حووسییەکان و هێزەکانی حکومەت، کە بە تووندترین شەڕ دادەنرێت لە دوای رێککەوتنی ئاگربەستی ساڵی 2022ـەوە. بەپێی ئامارێک کە پشت بە سەرچاوەکانی هەردوولا دەبەستێت، لەم شەڕانەدا لانیکەم 500 کەس کوژراون کە زۆربەیان چەکدارن.
لە تەممووزی رابردوودا یەمەن جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو چەقی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، ئەوەش هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی رووبەڕووبوونەوەی نێوان حووسییەکان و سعودیە لە سایەی ئەو جەنگەی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەرپابووە.
لە ساڵی 2014ـەوە یەمەن نوقمی جەنگی نێوخۆ بوو، کاتێک حووسییەکان دەستیان بەسەر ناوچەیەکی بەرفراوانی وڵاتەکەدا گرت کە دیارترینیان سەنعای پایتەخت بوو. لە ساڵی دواتردا، هاوپەیمانییەکی سەربازی بە سەرۆکایەتیی سعودیە بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی دەستێوەردانی سەربازیی کرد، بەمەش قەیرانەکە زیاتر تەشەنەی سەند.



