رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، کە تازە وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا دەستنیشانکراوە، لە یەکەم لێدوانیدا ستایشی دۆناڵد ترەمپی کرد و رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا "کاتێک قسەدەکات دۆست و دووژمن گوێی لێدەگرن". باراک فەلسەفەی ترەمپی بەوە وەسفکرد کە پشت بە هاوپەیمانە "خۆبژێوەکان" دەبەستێت.
رۆژی دووشەممە 01-06-2026، تۆم باراک لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی، دەستنیشانکردنەکەی بە شەرەفێک وەسفکرد و رایگەیاند، بە شانازییەوە خزمەتی سەرۆکێک دەکات کە توانیویەتی کارێک بکات کە هیچ کام لەوانەی پێش خۆی نەیانتوانیوە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بیکەن.
رۆژی دووشەممە 16-06-2026 باراک ستایشی سەرکردایەتیی ترەمپی کرد و نووسی: "کاتێک قسە دەکات، دۆست و دووژمنیش گوێی لێدەگرن؛ پڕۆگرامەکە چیدیکە لەلایەن رۆژئاواوە بۆ رۆژئاوا دانانرێت، بەڵکو لەلایەن ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەکەیە." گوتیشی، شێوازی سەرکردایەتیی ئەو، تاکە شتە کە ئەم ناوچە ئاڵۆزە تائێستا لێی تێگەیشتووە.
باراک ئاماژەی بەوەشکردووە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، بە شوێنپێی هێنری کیسنجەردا دەڕوات وەک تاکە وەزیری دەرەوە کە هاوکات پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییشی هەبووە، ئەمەش "شێوازی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بەشێوەیەکی دراماتیکی گۆڕیوە."
نێردە نوێیەکە فەلسەفەی ئیدارەی ترەمپی روونکردەوە و نووسی: "فەلسەفەی سەرۆک فێرمان دەکات، هاوسەنگیی هێز باشتر لەسەر بنەمای ئەمریکا کاردەکات، کاتێک هانی هاوپەیمانان دەدرێت زیاتر خۆبژێو بن و بارگرانییەکان لەپێناو خۆشگوزەرانیی هاوبەشدا دابەش بکەن، بەڵام هەمیشە لە چوارچێوەیەکدا کە دەستکەوت، سەقامگیری و هاوئاڕاستەیی ئەمریکا لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییە سەرەکییەکانیدا دەپارێزێت."
.jpg&w=3840&q=75)