رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، کچە قوتابییەک و پیاوێک لە قوتابخانەیەک کوژران. پۆلیس گەنجێکی تەمەن 19 ساڵی بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکرد.
تاوانەکە لە قوتابخانەی ئامادەیی (دۆسیموس) لە شارۆچکەیەک لە نزیک بەرلین روویدا. کوژراوەکان بریتیین لە کچە قوتابییەکی تەمەن 18 ساڵ و پیاوێکی تەمەن 30 ساڵ.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان، تۆمەتبارەکە گەنجێکی تەمەن 19 ساڵە و پێشتر هاوڕێی کچەکە بووە. کاتێک پیاوە تەمەن 30 ساڵەکە هەوڵی داوە بچێتە نێوانیانەوە تاوەکو کچەکە لە چنگی گەنجەکە رزگار بکات، ئەویش کراوەتە ئامانج و گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "دەستبەجێ تۆمەتبارەکەمان لە شوێنی رووداوەکە دەستگیرکرد کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە تاوانەکەوە هەیە."
دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبیلی دەزگا ئەمنییەکان و دوو هێلیکۆپتەری فریاگوزاری رەوانەی ناوچەکە کران.
کارگێڕیی قوتابخانەی (دۆسیموس) رایگەیاند، دەوامی ئاسایی خوێندن لەنێو پۆلەکان لە رۆژی هەینیدا رادەگیرێ، بەڵام دەرگای قوتابخانەکە بەڕووی قوتابیاندا کراوە دەبێت تاوەکو کۆببنەوە و بە هاوکاریی تیمی پسپۆڕی دەروونی هاوکاریی دروستکردنەوەی کەشێکی ئارامیان بۆ بکرێ.
لە تەممووزی ئەم ساڵدا، گەنجێکی تەمەن 16 ساڵ لە قوتابخانەیەکی باشووری ئەڵمانیا پەلاماری دوو کچە قوتابی دا و بە قورسی برینداری کردن، کە دواتر دەسەڵاتداران رایانگەیاند، تۆمەتبارەکە تووشی تێکچوونی دەروونیی باری لەناکاو بووبوو.



