رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێکی فیدراڵیی ئەمریکا بڕیاریدا ئەو سزایانەی لە مانگی شوباتی رابردوو لەلایەن ئیدارەی تڕەمپەوە بەسەر کۆمپانیای ئەنتڕۆپیکدا سەپێنرابوون نایاسایین؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت سزای ئەو کۆمپانیایەی بواری ژیریی دەستکردی داوە، چونکە بە ئاشکرا رەخنەی لە پێنتاگۆن گرتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، ریتا لین، دادوەری دادگاکە لە بڕیارێکی 59 لاپەڕەییدا نووسیویەتی: "بانگەشەکردنی پووچی ئاسایشی نیشتمانی، مۆڵەتێکی کراوە نییە بۆ سزادان و تۆڵەکردنەوە لە رەخنەگرانی حکومەت."
دادوەرەکە رێگری لەو ئاژانسە فیدراڵییانە کرد، کە ناویان لە داواکەدا هاتووە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ راگرتنی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ئەنترۆپیک. هەروەها بڕیارەکەی پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکای هەڵوەشاندەوە کە کۆمپانیاکەی وەک "مەترسیی سەر زنجیرەی دابینکردن" ناساندبوو؛ ئەو ناوە پێشتر تەنیا بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بەکاردەهات.
ئەم بڕیارەی دادوەر، ئەو راگرتنە کاتییەی سزاکان کە لە مانگی ئاداردا دەرچووبوو، دەکاتە هەمیشەیی و دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام حکومەت دەتوانێت تانەی لێ بدات.
گوتەبێژێکی کۆمپانیای ئەنترۆپیک رۆژی پێنجشەممە گوتی، "پێشوازی لە بڕیاری دادگا دەکەین کە ناساندنی کۆمپانیاکەمان وەک مەترسیی سەر زنجیرەی دابینکردن بە نایاسایی ناساند." گوتیشی، "ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ حکومەت بۆ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لەپێناو ئاسایشی نیشتمانی، تاوەکو هەموو ئەمریکییەکان سوودمەند بن."
کێشەی نێوان هەردوولا دوای ئەوە دروستبوو کە ئەنترۆپیک رەتیکردەوە رێگە بە سوپای ئەمریکا بدات مۆدێلی (کلاود) بۆ چەکی کوشندە یان چاودێریکردنی بەکۆمەڵی ئەمریکییەکان بەکاربهێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەو هەڵوێستەی کۆمپانیاکە هێرشی کردە سەریان و لە پۆستێکی سۆشیاڵ میدیادا لە مانگی شوباتدا، بە کۆمپانیایەکی "چەپڕەوی تووندڕەو" و "لەدەستدەرچوو" ناوی بردن.
لە بڕیارەکەی رۆژی پێنجشەممەدا، دادوەر ئاماژەی بەوە کردووە، سزاکانی سەر کۆمپانیاکە بەهۆی ویستی حکومەت بووە بۆ ئەوەی ئەنترۆپیک بکاتە "نموونەیەک بۆ سزادان" چونکە رەخنەی لە حکومەت گرتووە.
سوپای ئەمریکا مۆدێلی (کلاود)ـی لە چەندین سیستەمی نهێنی و هەستیاردا بەکارهێناوە. بەگوێرەی راپۆرتەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ و ئەکسیۆس، ئەو تەکنەلۆژیایە لە ئۆپەراسیۆنی مانگی کانوونی دووەم بۆ دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلاش بەکارهاتووە.



