رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا هێرش ناکاتە سەر خاکی ناتۆ و ئەو راپۆرتانەشی بە کەم بایەخ ناوبرد، کە دەڵێن واشنتن هۆشداریی بە مۆسکۆ داوە لەبارەی ئەگەری جووڵەی سەربازیی بۆ سەر ئەورووپا.
رۆژی پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، ترەمپ لە کۆشکی سپی لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانییدا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "گفتوگۆی باشم لەگەڵیدا [پووتین] هەبووە. ئەو هێرش ناکاتە سەر ناوچەی ناتۆ." ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو پرسیارەی ئایا پووتین بەڵێنی داوە هێرش نەکات.
هەریەک لە وۆڵ ستریت جۆرناڵ و سی بی ئێس نیوز بڵاویانکردەوە، راتکلیف هەوڵیداوە رووسیا سارد بکاتەوە لە هێرشکردنە سەر ناتۆ، ئەوەش لە کاتێکدایە هەواڵگریی ئەمریکا پێیوایە مۆسکۆ دەیەوێت بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە هاوپەیمانی ناتۆ تاقیبکاتەوە. وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاماژەی بەوە کردووە پووتین رەنگە لە رێگەی "هێرشێکی سنووردارەوە" لە چەند ساڵی داهاتوودا ناتۆ تاقی بکاتەوە.
کاتێک لە ترەمپ پرسیار کرا ئایا راتکلیف ئەو پەیامەی گەیاندووە، لە وەڵامدا گوتی، "نامەوێت لێدوان لەسەر ئەوە بدەم، بەڵام ئەوان هێرش ناکەن."
لە لایەکی دیکەوە، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن رایگەیاند، ئەو راپۆرتانە راست نین. سەبارەت بە ئۆکرایناش، پێسکۆڤ گوتوویەتی رووسیا پێی باشە بە رێگەی ئاشتییانە ئامانجەکانی بەدیبهێنێت، بەڵام لە نەبوونی دەرفەتێکی لەو شێوەیەدا، بەردەوام دەبێت لە "ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەی."
سەردانەکەی راتکلیف بۆ مۆسکۆ لە کاتێکدایە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەهۆی جەنگی ئۆکرایناوە لە ئاستێکی بەرزدایە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە تاوەکو ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.



