رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایدەگەیێنێت، هیچ پاساوێک نییە بۆ بەردەوامیی پەرەسەندنە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-05-2026، ماکرۆن لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە، ئاماژەی بەوە کرد، "گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرا لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گرنگە."
سەرۆکی فەرەنسا لەم چوارچێوەیەدا، زنجیرەیەک گفتوگۆی تەلەفۆنیی لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە؛ هەیسەم بن تاریق، سوڵتانی عومان؛ محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر ئەنجام دا.
لە سەر داوای فەرەنسا، بڕیارە رۆژی دووشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل لە چوارچێوەی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە لوبنان، قەڵای مێژوویی بۆفۆری لە باشووری ئەو وڵاتە کۆنتڕۆڵ کرد.
ماکرۆن نووسیویەتی: "فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی دەسەڵاتدارانی لوبنان لە هەوڵەکانیاندا بۆ گەڕاندنەوەی سەروەریی دەوڵەت و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەیان." ئەو جەختی کردەوە کە دەبێت سەقامگیری لە لوبنانەوە دەست پێ بکات و سەرجەم چەکەکان بۆ هەمیشە بێدەنگ بکرێن.
سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا "کارێکی لە پێشینەیە"؛ هەروەها داوای دووبارە کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمزی کرد "بێ هیچ مەرجێک و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان."
ماکرۆن گوتی: "دەبێت گفتوگۆکان بەردەوام بن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر و بەهێز لەسەر پرسەکانی دیکە، بەتایبەتی بەرنامەی ئەتۆمی و بالیستیی ئێران و سەقامگیریی ناوچەکە."
لە کۆتاییدا ماکرۆن جەختی کردەوە کە فەرەنسا ئامادەیە بە تەواوی رۆڵی خۆی بگێڕێت لەپێناو یارمەتیدانی گەڕاندنەوەی هاتوچۆی دەریایی لە تەنگەکەدا، ئەوەش لە رێگەی ئەو ئەرکە نێودەوڵەتییە سەربەخۆیەی کە لەگەڵ بەریتانیا پێکیان هێناوە و چیدیکە رێگە نادرێت ئەم رێڕەوە ئاوییە پەککەوتوو بێت.
