رووداو دیجیتاڵ
نیپاڵ هۆشداری دایە هاووڵاتییان کە بەرەو شوێنە بەرزەکان بچن، ئەوەش دوای ئەوەی راپۆرتەکان ئاماژەیان بە تەقینی بەنداوێک لە سەرەوەی تبت کرد؛ ئەمەش دوو رۆژ دوای هەرەسهێنانی بەستەڵەکێک دێت کە بووە هۆی لافاوێکی گەورە لە ناوچەکەدا.
رۆژی هەینی، 28ـی ئابی 2026، پۆلیسی نیپاڵ لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "زانیاری گەیشتووە کە بەنداوێک جارێکی دیکە لە لایەنی تبت تەقیوە." پۆلیس داوای لە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان، کارمەندانی فریاگوزاری و هاووڵاتییان کرد کە لە کارەکانی گەڕان و رزگارکردندا بەشدارن، لە دۆخی ئامادەباشیدا بن و دەستبەجێ بچنە شوێنێکی ئارام.
چین هەوڵەکانی بۆ رزگارکردنی لێقەوماوان چڕ دەکاتەوە
هاوکات، شی جینپینگ، سەرۆکی چین، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی سەرکردە باڵاکانی وڵاتەکەی کرد سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی هاووڵاتییان لە تبت.
بەگوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی شینوا، بەرپرسانی مەکتەبی سیاسی پارتی کۆمۆنیستی چین لە کۆبوونەوەکەدا گوتیان، "پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ گەڕان و رزگارکردنی ئەو کەسانەی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا بێسەروشوێن بوون."
شینوا لە زاری سەرکردەکانەوە بڵاویکردەوە، "هێشتا زۆر مەترسیی شاراوەی بەستەڵەکەکان، دەریاچە سەهۆڵییەکان و کارەساتە جیۆلۆجییەکان لە ناوچەکەدا هەن و کارەکانی رزگارکردن رووبەڕووی زەحمەتی گەورە بوونەتەوە." هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە چین بیر لە پێشکەشکردنی هاوکاریی بەپەلە بە نیپاڵ و "هاوکاریی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی" دەکاتەوە.
تەرمی حەوت قوربانی لە هیندستان دۆزرانەوە
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی هیندستان رۆژی هەینی رایانگەیاند، تەرمی حەوت کەسیان لەو رووبارانەدا دۆزیوەتەوە کە لە نیپاڵەوە دەڕژێن، کە پێدەچێت قوربانیی لافاوە وێرانکەرەکان بن.
تەرمەکان لە رووبارەکانی ناوچەکانی مەهەراجگانج و کوشیناگار لە ویلایەتی ئوتار پرادیش دۆزراونەتەوە، کە هاوسنوورە لەگەڵ ناوچەی چیتوانی زیانلێکەوتووی باشووری نیپاڵ.
گۆراڤ سینگ سۆگەرواڵ، پارێزگاری ناوچەی مەهەراجگانج گوتی، "رۆژی پێنجشەممە چوار تەرمی نەناسراو لە ناوچەکە دۆزراونەتەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "پێمانوایە بەهۆی لافاوەکەوە لە نیپاڵەوە بۆ هیندستان هاتوون."
بەرپرسێکی پۆلیس پشتڕاستی کردەوە کە سێ تەرمی دیکەش لە ناوچەی کوشیناگار دۆزراونەتەوە کە نزیکەی 70 کیلۆمەتر لە سنوورەکەوە دوورە.
تاوەکو ئێستا لانیکەم 472 کەس بەهۆی لافاوەکەوە گیانیان لەدەستداوە، کە تەرمی 469 کەسیان لە نیپاڵ و سێ تەرم لە چین دۆزراونەتەوە، هەروەها لانیکەم 1400 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن. ئەو حەوت تەرمەی لە هیندستان دۆزراونەتەوە، هێشتا نەخراونەتە سەر ئەم ئامارە فەرمییە.



