رووداو دیجیتاڵ
باڵوێزی وڵاتانی زلهێز رۆژی پێنجشەممە 27-08-2026، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک کۆبوونەوە بۆ باسکردنی داهاتووی سووریا، ئەمەش دوای هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). لە کۆبوونەوەکەدا، کە یەکەم بوو لەدوای ئەو پێشهاتە، رۆڵی شەڕڤانان لە شەڕی دژی داعشدا فەرامۆش کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەمریکا یەکەم وڵات بوو کە گوتاری پێشکێش کرد. تامی برووس، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتارێکی کورتی سێ خولەکی خوێندەوە کە تێیدا نە وشەیەکی سوپاس و نە پێزانینی بۆ هەسەدە تێدا بوو، تەنانەت ناوی کورد یان ئەو هێزەشی نەهێنا کە زیاتر لە 11 هەزار شەڕڤانی لە شەڕی دژی داعشدا بەختکرد.
تامی برووس، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی، "ئێمە هانی ئەندامانی ئەم ئەنجوومەنە و هەموو وڵاتانی ئەندام دەدەین کە ئەم دەرفەتە بۆ کارلێکی مانادار لەگەڵ حکومەتی سووریا بەکاربهێنن، لە پێناو پشتگیریکردن لە سووریایەکی سەقامگیر، ئارام و گەشەسەندوو."
فەرەنسا و بەریتانیا ناوی هەسەدەیان هێنا، بەڵام تەنیا بۆ دەربڕینی خۆشحاڵی بە هەڵوەشاندنەوەی، نەک بۆ باسکردنی مێژووەکەی.
جێرمی بۆنافۆنت، باڵیۆزی فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: "فەڕەنسا پێشوازی لە یەکگرتنەوەی سەرکەوتووانەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو دەوڵەتی سووریادا و هەڵوەشاندنەوەیان دەکات، کە ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو سووریایەکی خاوەن سەروەری و فرەخواز."
بەریتانیاش بە هەمان شێوە پێشوازی لە کۆتاییهاتنی ئەو گرووپە کرد و بە هەنگاوێکی بەرەو سووریایەکی یەکگرتوو وەسفی کرد. رووسیا و چینیش دەستخۆشییان لە یەکخستنەوەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا کرد، بەڵام ئەوانیش ناوی هەسەدەیان نەهێنا.
ئیبراهیم عولابی، باڵیۆزی سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە گوتارەکەیدا گوتی: "لە سووریادا، نە براوە هەیە و نە دۆڕاو. سووریا خۆی براوەیە، و هەموو سوورییەکانیش براوەن." هەروەها لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو، ئاماژەی بەوەدا، "هەرگیز جەنگ دژی کورد نەبووە. تەنیا باڵی جیاواز و بۆچوونی جیاواز هەبوون."
لەنێو ئەم گوتارانەدا، دوو هۆشداریی جیاواز دەرکەوتن. یەکەمیان لەلایەن چینەوە بوو سەبارەت بە چارەنووسی ئەو زیندانییانەی داعش کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی کورددا بوون.
سون لێی، جێگری باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: "لە دوای داخرانی گرتووخانەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، گرووپێکی گەورەی خەڵک کە پەیوەندییان لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان هەبوو، ئێستا شوێنیان دیار نییە."
دووەم هۆشداریش لەلایەن ئەحمەت یڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بوو، کە بە رووداوی راگەیاند: "بە راشکاوی بڵێم، پێشهاتەکان باشن، بەڵام جێبەجێبوونی ئەو مەرجەی لەسەری رێککەوتوون، دەبێت بە تێپەڕبوونی کات پشتڕاست بکرێتەوە."
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، حکومەتی سووریا هەنگاوێکی مێژوویی راگەیاند و بۆ یەکەمجار زمانی کوردی دەخاتە ناو پرۆگرامی خوێندنەوە. سەرەڕای ئەمەش، پرسیارەکە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە: ئایا لەم کۆمارەدا کورد هەست دەکات وەک هاووڵاتییەکی پلە یەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت؟


