رووداو دیجیتاڵ
ستێفانی گریشەم، گوتەبێژی پێشووی کۆشکی سپی کتێبێک دەربارەی ئەو ماوەیە بڵاودەکاتەوە کە لە کۆشکی سپی کاریکردووە. گریشەم دوای ئەوەی لە پۆستی گوتەبێژ نەما، تاوەکو رۆژی 6ی مانگی یەکی 2021 وەکو بەڕێوەبەری کارەکانی مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا بەردەوام بوو، بەڵام لەو رۆژەدا بەهۆی هێرشی هەوادارانی ترەمپ بۆسەر کۆنگرێسی ئەمریکا، دەستی لە کار کێشایەوە. لە کتێبەکەیدا کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر بڵاوبکرێتەوە، کۆمەڵێک نهێنیی نێو کۆشکی سپی و خێزانی یەکەم باس دەکات.
گریشەم لە کتێبەکەیدا باسی گرنگیدانی ترەمپ دەکات بە دیکتاتۆرەکانی جیهان، بەتایبەتی ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا. لە کاتی بەڕێوەچوونی لووتکەی G20 لە ئۆساکای ژاپۆن لە ساڵی 2019، دۆناڵد ترەمپ روودەکاتە پووتین و پێی دەڵێت، ''بۆ چەند خولەکێک لەگەڵتدا تووند دەبم، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ کامێراکانە، دواتر کە ئەوان رۆشتن پێکەوە قسەیەک دەکەین".
گوتەبێژی پێشووی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەروەها وەرگێڕەکەی پووتین کچێکی قژ رەشی شۆخ و شەنگ بوو، گومانمان بۆ دروستبوو کە پووتین ئەوەی دەستنیشانکردووە تەنیا بۆ راکێشانی سەرنجی سەرۆکی ئەمریکا".
کاتێک ستێفانی گریشەم گوتەبێژی کۆشکی سپی دەبێت، دۆناڵد ترەمپ سەرنجی دەخاتە سەر یەکێک لە یاریدەدەرەکانی گریشەم و داوادەکات لەگەڵ خۆی بیهێنێت بۆ نێو فڕۆکەی سەرۆک. تەنانە جارێک ترەمپ داوا لە گریشەم دەکات دڵی یاریدەدەرەکەی خۆش بکات.
خانمی یەکەمی ئەمریکا ئاگاداری ئەو رەفتارانەی ترەمپی هاوژینی بووە و نیگەران بووە. کاتێک هەواڵی پەیوەندیی سێکسیی نێوان ترەمپ و ستۆرمی دانیاڵزی پۆرنستار بڵاودەبێتەوە، مێلانیا زۆر نیگەران دەبێت و بە تووڕەییەوە قسە لەگەڵ هاوژینەکەی دەکات، لەو کاتەدا سەرۆکی ئەمریکا و خانمی یەکەم سەردانی کۆنگرێس دەکەن، بەپێی پرۆتۆکۆلی سەرۆکایەتی، دەبێت سەربازێک دەستی خانمی یەکەم بگرێت و لەگەڵ خۆیدا بیباتە نێو باڵەخانەی کۆنگرێس. گریشەم باسی دەکات کە خانمی یەکەم وەکو تۆڵەیەک بەرامبەر هاوژینەکەی، قۆزترین سەربازی مارینز هەڵدەبژێرێت تاوەکو دەستی بگرێت و لەگەڵیدا بچێتە نێو کۆنگرێس.
هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ و مێلانیا ترەمپ روونکردنەوەیان لەسەر کتێبەکەی ستێفانی گریشەم بڵاوکردووەتەوە. گوتەبێژی دۆناڵد ترەمپ لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ئەو کتێبەی گریشەم تەنیا هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەی پارە و خۆ دەوڵەمەندکردن.


.jpg&w=3840&q=75)