رووداو - هەولێر
سەرۆککۆماری تورکیا خۆشحاڵی خۆی راگەیاند بە بڕیاری ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی هەزار سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و لەبارەی منبج و کۆبانێش روونکردنەوەی دا.
ئەردۆغان لە گوتارێکدا لە ئستەنبووڵ جەختی کردەوە لەوەی پێشبینی دەکات هێزە کوردییەکان جگە لە منبج لە چەند شارێکی دیکەی سەرەکی بکشێنەوە، گوتی "کاتێک منبج چۆڵدەکرێت، ئێمە وەکو تورکیا ناچینە نێوی، بەڵکو برا عەرەبەکانمان و هۆزەکان کە خاوەنی رەسەنی شارەکەن بۆی دەگەڕێنەوە".
هەریەک لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و چەند وڵاتێکی دیکە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، هەناردەکردنی چەکیان بۆ تورکیا راگرتووە، بۆیە لە گوتارەکەیدا ئەمڕۆ (دووشەممە، 14-10-2019) ئەردۆغان جارێکی دیکە رەخنەی لە هەڵوێستی ئەو وڵاتانە گرت و، گوتی "ئایا ئێوە شانبەشانی هاوپەیمانێکتان لە ناتۆ دەوەستن، یان لەگەڵ تیرۆریستەکان، بێگومان ناتوانن وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، ئەوان نە لە ئامانج و نە لە هۆکاری ئەو کارەی خۆیان تێناگەن".
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی هەڵوێستی رووسیاش گوتی "هەڵوێستیان (ئەرێنییە) پێناچێت مۆسکۆ هیچ بەربەستێک لەسەر رێگەی هێرشەکانی هێزەکانی تورکیا لە عەین عەرەب (کۆبانێ) دابنێت، هیچ کێشەیەک لە کۆبانێ نابێت بە رەچاوکردنی هەڵوێستی ئەرێنیی رووسیا".
دوای راگەیاندنی هەواڵی کشاندنەوەی سەربازە ئەمریکییەکان، رێڤەبەری خۆسەر رایگەیاند لەگەڵ دیمەشق رێککەوتوون بۆ بڵاوکردنەوەی هێزەکانی سوپای سووریا بەدرێژایی سنووری سووریا لەگەڵ تورکیا (سنووری رۆژئاوا و باکووری کوردستان) بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی کە ماوەی شەش رۆژە دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کردووە لەسەر سنوور.
هەرچەندە رێڤەبەریی خۆسەر ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەی لەگەڵ سووریا بڵاونەکردووەتەوە و نازانرێت ئایا هیچ سازشێکی کردووە، بەڵام رۆژنامەی وەتەن، کە لە حکومەتی سووریاوە نزیکە، دەڵێ "رێککەوتن لەنێوان دیمەشق و هێزە لۆکاڵییەکان لە منبج و کۆبانێ کراوە، کە هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بچنە ئەو شوێنانە".



.jpg&w=3840&q=75)