رووداو دیجیتاڵ
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 9-11-2026 تەقینەوە لە کارگەیەکی ئاسن لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا روویدا و سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کرێکارانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 16 کەس.
لە کارگەیەکی ئاسن بەناوی (هاباش) لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا تەقینەوەیەک روویدا و بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، 16 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.
رووداوەکە دوای نیوەڕۆی دووشەممە 9-11-2026 لە ناوچەی عەلی ئاغای ئیزمیر روویدا.
پارێزگای ئیزمیر لە یەکەم کاژێرەکانی رووداوەکەدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەوکات ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی سێ کرێکار و برینداربوونی 14 کرێکاری دیکە کرد.
ئەو کاتەی راگەیێندراوەکە بڵاوکرایەوە، هێشتا نزیکەی 10 کرێکار لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردبوو و تیمەکانی فریاگوزاری لە هەوڵی رزگارکردنیاندا بوون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتاری دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتی کۆماری وڵاتەکەیدا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کرێکارانەی لە رووداوی تەقینەوەی کارگەکەی ئیزمیردا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 16 کەس و 16 کرێکاریش چارەسەر وەردەگرن.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە پارێزگای ئیزمیر رایگەیاند، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن، رووداوەکە بەهۆی ئامێری بەرزکردنەوەی ئاسن و کەوتنەخوارەوەی بۆ ناو کورە بووە و ئەمە لە کاتی تواندنەوەی ئاسندا روویداوە.
ئومیت ئۆزلالە، پەرلەمانتاری پارتیی نوێ لە ئیزمیر، رووداوەکەی بە "کارەساتێکی چاوەڕوانکراو" ناوبرد و رایگەیاند، ئەیلوولی 2025 لە هەمان کارگە تەقینەوەیەکی دیکە روویدا کە بووە هۆی برینداربوونی حەوت کرێکار.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتیی نوێ رەخنەی لە وەزارەتی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی تورکیا گرت و رایگەیاند، دوای تەقینەوەکەی پار، هیچ پشکنینێک بۆ کارگەکە نەکرا و رێوشوێنی سەلامەتی بۆ کرێکاران نەگیرایەبەر.



