رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین لە باکووری کوردستان، رێپێوانێکی جەماوەری بەڕێوەچوو؛ بەشداربووان داوایان لە حکومەتی تورکیا کرد دەروازەی سنووریی نێوان نسێبین و قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان بکاتەوە و ئاوڕ لە دۆخی ئابووریی ناوچەکە بداتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، بە پێشەنگایەتیی دەم پارتی، پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) و پلاتفۆرمی دامەزراوە دیموکراتییەکان، لە پارکی ئاشتی لە نسێبین رێپێوانێک دەستیپێکرد و تاوەکو شەقامی جمهوورییەت بەردەوام بوو.
لە کۆتایی رێپێوانەکەدا، جونەیت ئاکگیون، سەرۆکی لقی نسێبینی دەم پارتی راگەیێندراوی هاوبەشی خوێندەوە و تیشکی خستە سەر کێشە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکانی شارۆچکەکە و گوتی: "پێویستە رووبەری سەوزایی، شوێنی وەرزشی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان زیاد بکرێن، دەرفەتی کار بۆ گەنجان بڕەخسێندرێت و کەرتی گشتی ناوچەی پیشەسازی و وەبەرهێنان لە نسێبین دابمەزرێنێت."
ئاکگیون ئاماژەی بەوە کرد کە قەیرانی بێکاری گەنجانی نسێبینی تەنگەتاو کردووە و رایگەیاند: "نەبوونی هەلی کار گەنجان ناچار دەکات کۆچ بەرەو شارەکانی دیکەی تورکیا بکەن؛ بۆیە کردنەوەی دەروازەی سنووریی نسێبین-قامشلۆ و بووژاندنەوەی ئاڵۆگۆڕی بازرگانی، هەنگاوێکی چارەنووسساز دەبێت بۆ گەشەی ئابووریی ناوچەکە و رەخساندنی کار."
پرسی کردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان باکوور و رۆژئاوای کوردستان، یەکێکە لە داواکارییە لەمێژینەکانی بازرگانان و دانیشتووانی ناوچەکە.
پێشتریش لە تەممووزی ئەمساڵدا، خەتیب چەلیک، سەرۆکی ژووری بازرگانیی مێردین لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاندبوو: "ئێمە ئامادەین بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی نێوان نسێبین و قامشلۆ، بەڵام دەروازەکە پێویستی بە چاککردنی ژێرخان هەیە." چەلیک ئاماژەی بەوەش کردبوو کە هاوکات لەگەڵ لایەنی سووریادا گفتوگۆیان کردووە بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی "دەرباسییە"ش، بەوپێیەی بە هێڵی شەمەندەفەرەوە بەستراوەتەوە و گرنگییەکی گەورەی بازرگانیی دەبێت.



