رووداو دیجیتاڵ
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی چارەسەری دووپاتکردەوە و رایگەیاند، لە شنگال هەنگاوی مێژوویی نراوە و زیاتر لە چوار هەزار ئەندامی رێکخراوەکە (یەبەشە) تێکەڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، لە دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ئەنقەرە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکدا تیشکی خستە سەر دۆخی ئەمنی و پرۆسەی چارەسەری و رایگەیاند، دەوڵەت بە هەستیارییەوە لەسەر پلانەکەی بەردەوامە و گەڕانەوە لەم پرۆسەیەدا نییە.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە رەوشی شنگال و رێککەوتنەکانی ئەم دواییەی ئەنقەرە و بەغدا کرد و گوتی: "لە شنگالی عێراق کە ساڵانێک بوو وەک قەندیلی دووەم ناوی دەهێنرا، هەنگاوێکی بەهادار لە پێناو چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت نرا؛ هەفتەی پێشوو پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی زیاتر لە چوار هەزار ئەندامی رێکخراوەکە بە هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستیپێکرد."
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە سازش لەسەر بنبڕکردنی پەکەکە ناکەن و گوتیشی: "هەر کەسێک چی دەڵێت با بیڵێت، ئێمە کاری خۆمان دەکەین و سەیری پێشەوە دەکەین. هەوڵدەدەین بە زووترین کات ئەم کێشەیە لە ریشەوە چارەسەر بکەین تاوەکو ئارامی بۆ تەواوی ناوچەکە بگەڕێتەوە."
پرۆسەی چارەسەری
رۆژی 1-10-2024 بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە
و پەیامێکی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پرۆسەکە دەستیپێکرد.
رۆژی
27ـی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی
12-5-2025 پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. هەروەها 11-7-2025
گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان لە
سنووری دووکان لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان سووتاند.
دواتر
(کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا
و لە 5ـی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18ـی شوباتی 2026
راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی
کردەیی پەکەکەن.
رۆژی
24ـی ئابی 2026، لیژنەی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی کە لەژێر چەتری یاسای (بەهێزکردنی
پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێکهێندرا و یەکەم کۆبوونەوەی خۆی
کرد. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
رۆژی
10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی
کۆمەڵایەتی خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار
دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی
"نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی
ئەم پرۆژەیاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری
هات، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە
لە 12 مادە پێکهاتووە و لەژێر ناوی پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی
کۆمەڵایەتی پێشکەش کرابوو.
رۆژی
17ـی ئابی 2026، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر یاساکە کرد
و لە 18ـی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی وڵات دا بڵاوکرایەوە و چووە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی
20ـی ئابی 2026، دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن، لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 7595
(یاسای پاڵپشتی نیشتمانی و بەهێزکردنی کۆمەڵایەتی)ـی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری
دامەزرا.
ئەو
دەستەیە بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار پێکهێندرا. هەریەک لە
وەزیرانی داد، بەرگری، ناوخۆ، دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (میت) و
سکرتێری سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا تێی دا ئەندامن. یەکەم کۆبوونەوەی
ئەو دەستەیە لە 24ـی ئابی 2026 کرا.



