رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ (یەنی پارتی) رایگەیاند، ئەندام بۆ "لیژنەی چاودێری" دانانێن کە بڕیارە بەمنزیکانە پێکبهێندرێت. گوتی، "بۆ قۆناخەکانی داهاتووی پرۆسەکە، با کەس بۆ بەرژەوەندیی خۆی هیوا لەسەر ئێمە نەچنێت. ئێمە لەنێو ئەم کارەدا نین."
رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ (یەنی پارتی) دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لێدوانێکی دا.
ئۆزەل، رایگەیاند، پارتەکەی ئەندام بۆ لیژنەی چاودێریی پەرلەمان دیاری ناکات، بەهۆی ئەوەی هەنگاوی پێویست بۆ دیموکراسی نەنراوە، ماددەی 7ـی راپۆرتی لیژنەکە کە تایبەتە بە دیموکراسی جێبەجێ نەکراوە، دانانی قەییوم بەردەوامە، قەییوم بۆ سێ کەناڵی تەلەڤزیۆنی دانراوە و بڕیارەکانی دادگەی دەستووری و دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ نەکراون.
ئۆزەل، گوتیشی، "تاکە شت کە لە بەرژەوەندیی ئەم وڵاتەدایە، راگرتنی ئەم دەسەڵاتەیە. هەندێک کەس تەنیا بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات، بەردەوام بوون لە هەموو شتێک. بۆ قۆناخەکانی داهاتووی پرۆسەکە، با کەس بۆ بەرژەوەندیی خۆی هیوا لەسەر ئێمە نەچنێت. ئێمە لەنێو ئەم کارەدا نین."
سەرۆکی پارتی نوێ (یەنی پارتی) باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش کرد و رایگەیاند، "سەرۆکی پەرلەمان ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات. منیش پێم گوت، ئەو رۆژەی دەستمان پێکرد، بەڵێنەکان ئاوا نەبوون. ئێمە هیچ بەڵێنێکمان نەشکاندووە. من ئەمە چەندین جار لە لیژنەکەش بە هاوڕێیانم گوتووە، ئێوە هەڵوێستێکی زۆر جیاواز و بونیاتنەرانەتان هەبوو. باشە، کەس هەیە بەڵێنەکەی بردووەتە سەر؟ بێگومان بەڵێنەکان پشتگوێ خراون.
ئەوەشی خستەڕوو کە دەسەڵات دەیەوێت وێنایەک نمایش بکات بەوەی وڵات خاوەن سیستمێکی دیموکراسییە، بەڵام دیموکراسیی نییە. لە کوێ دونیا وڵاتێک هەیە خۆی بە دیموکراسیی بزانێت، بەڵام تەلەڤزیۆن دابخات. هەموو وڵات بەندە بە دەسەڵاتی کەسێک ئەویش سەرۆککۆمارە و ئاگاداری ورد و درشتی هەموو بڕیارەکان هەیە گەر لە بۆرسەی فەتۆ بگرە تا دەگاتە بۆرسەی ئیستەنبووڵ و گەندەڵییەکان و بازرگانییەکان و ئەو کارەساتەی بەمدواییە لە سندووقی وەبەرهێنان روویاندا. کەس بەم جۆرە قسانە هەڵناخەڵەتێت، پێویستە دەسەڵات دادپەروەر بێت.
گوتی: "لەمەودوا ئەگەر لە دەرگای پارتی نوێ (یەنی پارتی) دەدەن، دەبێت ئەو بەڵێنانە بێننەدی کە پێشتر داوتانە. ئەو بەڵێنانەی لەبەردەم لیژنە و لەژێر پرۆتۆکۆڵ و واژۆدا داوتانە. بەوانە دەڵێم کە دەیانگوت ئێمە هەموومان پێکەوە لە دیموکراسیدا دەبین و دواتر پەشیمان بوونەوە. بەوانە دەڵێم کە خۆیان رادەستی کۆشک کردووە. ئێمە لەنێو ئەم کارەدا نین. ئەوانەی دەیانەوێت ئێمە لەنێو ئەم کارانەدا بین، سەرەتا دەبێت ئەو بەڵێنانە ببەنە سەر کە بەم وڵاتەیان داوە. راپۆرتەکە لەوێیە، لیژنەکەش لەوێیە. ئەوانەی لەمەودوا بە تەنیا یاریی دیموکراسی دەکەن، با فەرموون بیکەن. ئەوەتا پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنی پەسندکراوتان دۆزیوەتەوە. بە دڵی خۆتان بەکاری بهێنن."



