رووداو دیجیتاڵ
بەپێی تۆمارەکانی کۆبوونەوە گشتییەکان و کۆمیسیۆنەکانی پەرلەمانی تورکیا، لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵ و نیوی 28ـەمین خولی یاسادانان، کە لە حوزەیرانی 2023ـەوە دەستیپێکردووە تاوەکو تشرینی دووەمی 2026، 15 پەرلەمانتار هەرگیز لە کۆبوونەوەکاندا قسەیان نەکردووە و هیچ گوتەیەکیان تۆمار نەکراوە. لە لیستەکەدا بەرپرسانی باڵای ئاکپارتی و مەهەپە، دوو پەرلەمانتاری جەهەپە و وەزیرانی پێشووش هەن.
بەپێی ئامارەکانی چالاکییە گشتییەکانی کارگێڕیی پەرلەمانی تورکیا، بە پشتبەستن بە تۆمارەکانی 28ـەمین خولی یاسادانانی پەرلەمانی ئەم وڵاتە، لەنێوان حوزەیرانی 2023 و تشرینی دووەمی 2026دا، ئەو 15 پەرلەمانتارە هیچ قسەیەکیان لە پەرلەماندا تۆمار نەکراوە.
ئەوانەی پۆستیان لە پارت و پەرلەماندا هەیە
بەگوێرەی تۆمارەکانی پەرلەمان، لەو 15 پەرلەمانتارەی کە لە ماوەی کارەکانی یاساداناندا قسەیان نەکردووە، 8 کەسیان لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکانیان، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان یان لە شاندە پەرلەمانییە نێودەوڵەتییەکاندا پۆستیان هەیە. جێگەی سەرنجە کە هەموو ئەم ناوانە لە ریزەکانی ئاکپارتی و مەهەپەی هاوپەیمانیی دەسەڵاتداردان.
ئەو 8 پەرلەمانتارە و پۆستەکانیان بریتین لە:
عومەر چەلیک (گوتەبێژی ئاکپارتی)
مستەفا شەن (یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی)
ئەرکان کاندەمیر (یاریدەدەری پێشووی سەرۆکی ئاکپارتی)
ئیسمەت بویوکئاتامان (سکرتێری مەهەپە)
ڤاهیت کایرەجە (یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە)
فەهمی ئاڵپای ئۆزالان (بەرپرسی کارگێڕیی پەرلەمانی تورکیا / ئاکپارتی)
مەولوود چاوشئۆغڵو (سەرۆکی شاندی تورکیا لە ئەنجوومەنی پەرلەمانیی ناتۆ / ئاکپارتی)
یڵدرم توغرول تورکێش (سەرۆکی شاندی تورکیا لە ئەنجوومەنی پەرلەمانیی ئەورووپا / ئاکپارتی)
7 پەرلەمانتارەکەی دیکە کە پۆستیان نییە
سەرەڕای ئەوەی هیچ پۆستێکی بەڕێوەبردنیان لە پەرلەمان یان پارتەکانیاندا نییە، حەوت پەرلەمانتاری دیکە لەنێوان حوزەیرانی 2023 و تشرینی دووەمی 2026 لە کۆبوونەوە گشتییەکان و کۆمیسیۆنەکاندا قسەیان نەکردووە، کە لە ئاکپارتی و جەهەپەن.
ناوەکانی ئەم گرووپە، کە نورەدین نەباتی، وەزیری پێشووی گەنجینە و دارایی تورکیاشی تێدایە، بریتین لە:
عەزمی ئەکینجی (ئاکپارتی)
محەممەد سەلیم ئەنساریئۆغڵو (ئاکپارتی)
ئیحسان کۆجا (ئاکپارتی)
نورەدین نەباتی (ئاکپارتی)
یوسف زیا یڵماز (ئاکپارتی)
ئیلهان کەسیجی (جەهەپە)
ئەردۆغان تۆپراک (جەهەپە)



