رووداو دیجیتاڵ
هالوک بیلگینەر، ئەکتەری بەئەزموون و ناسراوی تورکیا، دوای ئەوەی ماوەیەک لەمەوبەر لە هەڤپەیڤینێکدا دەستەواژەی (سینەمای تورک)ی رەتکردەوە و (سینەمای تورکیا)ی بە باش زانی، ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتەوە رۆژەڤ. موستەفا ئاڵتیئۆکڵار، دەرهێنەری سینەمایی رایگەیاند، لەکاتێکدا تەواوی فیلمەکە لەلایەن کوردەوە ئامادە بکرێت، بە چ مافێک بڵێین فیلمی تورک؟
ئەو گوتەیەی بیلگینەر لە کاتێکدایە، دەستەواژەی (سینەمای تورک) ساڵانێکی دوورودرێژە بەکاردەهێندرێ و ئەگەر بگوترێ (سینەمای تورکیا) بەشێکی بەرچآو لە خەڵکەکە لایان سەیرە و پێی رانەهاتوون.
لە بەرامبەردا نەتەوەکانی دیکە و بەتایبەتی کورد، ناڕەزاییان بەرامبەر ئەو چەمکانە هەیە کە بە تورکەوە لکێندراون و پێشنیازی بەکارهێنانی تورکیا دەکەن کە نەتەوەکانی دیکەش لە خۆدەگرێ.
گوتەکانی هالوک بیلگینەر بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بوونەتە جێی مشتومڕ.
دوای ئەوەی چەمکی (سینەمای تورک) و (سینەمای تورکیا) بوونە رۆژەڤ، دەرهێنەرێکی دیکەش هاتە نێو باسەکە و رایگەیاند، لەکاتێکدا تەواوی بەرهەمەکە لەلایەن کوردەوە ئامادە کراوە، بە چ مافێک دەڵێن سینەمای تورک؟
مستەفا ئاڵتیئۆکڵار، دەرهێنەری سینەمایی هاتە نێو ئەم مشتومڕە و لە پەخشی راستەوخۆی تۆڕی کۆمەڵایەتیدا قۆناخەکانی بەرهەمهێنانی سینەمای بەبیرهێنایەوە و گوتی:"ئەوەی چیرۆکەکەی نووسیوە کوردە، ئەوەی کردوویەتی بە سیناریۆ کوردە، دەرهێنەر کوردە، ئەکتەرەکان کوردن، بەرهەمهێنەر کوردە، نزیکەی تەواوی ستافی دەرهێنەر کوردن، هەموو ئەمانەش کوردی تورکیان. ئینجا ئێوە بەم فیلمە دەڵێن فیلمی تورک؟ بە چ مافێک؟"
بیلگینەر مشتومڕەکەی دەستپێکردبوو
ئەکتەر هالوک بیلگینەر، لە بەرنامەیەکدا کە تێیدا بەشداربوو، پرسیاری "لەبارەی سینەمای تورکییەوە بۆچوونتان چییە؟" کە ئاراستەی کرابوو، وەک "سینەمای تورکیا" راستی کردەوە، ئەمەش مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا.
لە کاتێکدا بەشێک لە هونەرمەندان چەمکی "تورک"ـیان بەکاردەهێنا، بەشێکی دیکەشیان داکۆکییان لەوە کرد کە چەمکی "تورکیا" دروستترە، چونکە هەموو ئەوانە لەخۆدەگرێت کە لە وڵاتەکەدا دەژین.
تورکبوون لە دەستووری تورکیادا
بەگوێرەی مادەی 66ی دەستووری تورکیا، هەموو ئەوانەی لە سنووری کۆماری تورکیادا دەژین و هاووڵاتین، تورکن. دەستەواژەکانیش لەسەر ئەم بنەمایە بەکاردەهێندرێن؛ سوپای تورک، ئاڵای تورک، گەلی تورک و زۆری دیکەش.
ئەمە لەکاتێکدایە بەشێک لە تورکەکانیش بەکارهێنانی وشەی (تورک) بەمشێوەیە بە دروست نازانن و دەڵێن، ئەوە تەنیا تورک دەگرێتەوە و جیاکارییە بەرامبەر نەتەوەکانی دیکە.


.jpg&w=3840&q=75)
