رووداو دیجیتاڵ
وێنەیەکی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەکاتی دیدارێکیدا لەگەڵ خانەوادەکەی بڵاوکرایەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی رووها کە هاوکات برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەیەکی نوێی دیداری ئیمراڵی بڵاوکردەوە.
لە وێنە نوێیەکەدا، لەتەنیشت ئۆجەلانەوە هەریەک لە حاجی ئایدن ئۆجەلانی ئامۆزای، عومەر ئۆجەلانی برازای و هەڤا ئەڵچنی برازای دەبینرێن. ئۆجەلان لە وێنەکەدا لە جاران لاوازتر دەردەکەوێت و بەشێوەیەکی بەرچاو کێشی دابەزیوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم وێنەیە رۆژێک دوای لێدوانێکی تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی دێت. باکرهان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاندبوو، ئۆجەلان بۆ خانووە نوێیەکەی لە ئیمراڵی گوازراوەتەوە.
باکرهان ئاماژەی بەوەش کردبوو، لەگەڵ ئەم گواستنەوەیەدا مەرجەکانی کارکردنی ئۆجەلان گۆڕدراون و سکرتارییەتەکەی بەهێزکراوە بۆ ئەوەی کارەکانی خێراتر و بەرهەمدارتر بن.
باکرهان، لە هەمان گوتاردا ئەوەی خستبووەڕوو کە ئەوان لە قۆناخی سێیەمی پرۆسەکەدان و لەبەردەم دەرگای قۆناخی چوارەمدان، هەروەها بیری هێنایەوە کە بۆ داڕشتنی چوارچێوەی یاسایی و سیاسی، کۆمیسیۆنێک لە پەرلەمان پێکهێنراوە.
دوایین وێنەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێشتر لە تشرینی یەکەمی 2025 لەلایەن عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری رووهاوە دوای دیدارێکی خێزانی بڵاوکرابووەوە. لە وێنەکەی پێشوودا فاتمە ئۆجەلانی خوشکی و چەند ئەندامێکی دیکەی خێزانەکەی لەگەڵیدا دەرکەوتبوون.
بڵاوکردنەوەی ئەم وێنە نوێیە و گۆڕینی مەرجەکانی کارکردن لە ئیمراڵی، لە چوارچێوەی پرۆسەی نوێی چارەسەریدا، وەک هەنگاوێکی گرنگ هەڵدەسەنگێندرێت.



