رووداو دیجیتاڵ
هەزاران خۆپێشاندەر رۆژی شەممە لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا کە میوانداریی لووتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (کۆپ31) دەکات، رژانە سەر شەقامەکان و سەرکردەکانی لووتکەکەیان بە کەمتەرخەمی لە ئاست ئەو کەسانە تۆمەتبار کرد کە رووبەڕووی لێکەوتە سەختەکانی وێرانکاریی ژینگە بوونەتەوە.
ئەم ناڕەزایەتییە لە کاتێکدایە کە میوانانی نزیکەی 200 دەوڵەتی جیهان ئێستا لە ئەنتاڵیان و تاوەکو رۆژی هەینی رێککەوتنێک رابگەیێنن.
پێشبینی ناکرێت لووتکەکە پێشکەوتنێکی گەورە بەدیبهێنێت، ئەمەش تووڕەیی ئەو چالاکڤانانەی لێکەوتووەتەوە کە داوای سنووردارکردنی تووندی سووتەمەنییە بەردینییەکان و بەڵێنی نوێی دارایی دەکەن بۆ هاوکاریکردنی وڵاتە هەژارەکان.
لە ناوەڕاستی شاری ئەنتاڵیا و لەژێر باراندا، هەزاران خۆپێشاندەر بە گوتنەوەی درووشم، لەژێر چاودێریی تووندی پۆلیسدا رێپێوانیان کرد، کە ئەمە بە گەورەترین خۆپێشاندان دادەنرێت لەوەتەی لووتکەی کۆپ31 لە رۆژی دووشەممەوە دەستیپێکردووە.
حەلیمە سامان لە پلاتفۆرمی (لووتکەی کەشوهەوای گەل) کە یەکێکە لە رێکخەرانی ناڕەزایەتییەکە، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "ئێمە باجی نادادپەروەریی کەشوهەوا دەدەین، کەچی هەرگیز دەنگمان لە کۆپدا نابیسترێت. تورکیا هاوسەرۆکی کۆپ31ـە، بەڵام تاوەکو ئێستاش هیچ نەخشەڕێیەکی بۆ دەستبەرداربوون لە سووتەمەنییە بەردینییەکان نییە، بەڵکو وێستگەی نوێی کارەبا و کانی نوێی خەڵووز دەکرێنەوە."
یەشار گۆکئۆغڵوی تەمەن 78 ساڵ، نزیکەی 600 کیلۆمەتر لە شاری ئادانا لە باشووری تورکیاوە هاتووە بۆ ئەوەی بەشداری بکات لە خۆپیشاندانەکان. ئەو گوتی، لووتکەکە "شانۆگەرییەکە لەلایەن کۆمپانیا قۆرخکارەکانەوە سپۆنسەر کراوە".
بەپێی راگەیێندراوێکی پۆلیس، زیاتر لە 7 هەزار کەس بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکەدا کردووە کە لەلایەن رێکخراوە ژینگەییەکان، سەندیکاکانی کرێکاران و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤەوە رێکخرابوو.
هەروەها سەرەڕای ئەوەی چالاکڤانان پێشتر نیگەرانیی ئەمنییان دەربڕیبوو دوای هەڵمەتە تووندەکانی پۆلیسی تورکیا لە مانگی ئەیلوول دژی کۆمەڵەی پەلکەزێڕینە، ژمارەیەک لە بەشداربووان بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پەلکەزێڕینە لە خۆپێشاندانەکەدا بەشدار بوون.
ناڕەزایەتییەکانی ناو هۆڵی کۆنفرانس و خاڵە ناکۆکەکان
لەناو هۆڵی کۆنفرانسەکەشدا، چەندین خۆپێشاندانی بچووک بەڕێوەچوون، لەنێویاندا یەکێکیان بە بەشداریی گرێتا تەنبەرگ، چالاکڤانی سوێدی بەڕێوەچوو بە مەبەستی دروستکردنی گوشار لەسەر سەرکردەکان تاوەکو خێراتر هەنگاو بنێن.
دانوستاندنەکان گەیشتوونەتە ناوەڕاستی وادەی خۆیان، بەڵام وڵاتان هێشتا ناکۆکیی قووڵیان هەیە لەسەر پرسە سەرەکییەکان، لەوانە: دابینکردنی دارایی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، پاراستنی راستییە زانستییەکانی کەشوهەوا و گواستنەوە لە سووتەمەنیی بەردینەوە بەرەو وزەی نوێبووەوە.
کریس بۆوێن، وەزیری کەشوهەوای ئوسترالیا کە سەرۆکایەتیی دانوستاندنە فەرمییەکان دەکات گوتی، گفتوگۆی باش و ئەرێنی هەبوون، بەڵام هەندێک پرس کاتی زیاتریان دەوێت.
هاوکات تورکیاش لە دەرەوەی دانوستاندنەکان داوا لە وڵاتان دەکات بەشداری لە بەڵێنێکی ئارەزوومەندانەدا بکەن بۆ بەرزکردنەوەی پشکی کارەبا لە دابینکردنی وزەی جیهان.
لووتکەکە کە لە 20ی تشرینی دووەم کۆتایی دێت، لە ژینگەیەکی نێودەوڵەتیی ئاڵۆزدا بەڕێوەدەچێت کە بەهۆی قەیرانی وزە و گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانەوە چاوەڕوانییەکان کەمن.
سایمۆن ستیێڵ، بەرپرسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانی گوت: "هیچ چارەسەرێکی جادوویی و خێرا بۆ کەشوهەوا نییە؛ هیچ لووتکەیەکی کۆپ ناتوانێت بە بە شێوەیەکی سحراوی ئەم قەیرانە نەهێڵێت، بەڵام پێویستە هەریەکەیان بەرەوپێشچوون بەدیبهێنن."


