رووداو دیجیتاڵ
براندی شیرینیی ئۆزسوت کە لقی لە شاری هەولێریش هەیە و ناوەندەکەی لە تورکیایە، لە لێواری مایەپووچبووندایە.
دادگەی سێیەمی بەرایی بازرگانیی ئیزمیر، لەبارەی کۆمپانیای STPکە کارەکانی براندی ئۆزسوت بەڕێوەدەبات و ئیبراهیم ئورلولو، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە، بڕیاری مۆڵەتی کاتیی کۆنکۆرداتۆ (رێککەوتنی خۆپاراستن لە مایەپووچبوون)ـی بۆ سێ مانگ دەرکرد کە لە 5ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە دەستیپێکرد.
کۆمپانیای STP لەبەر ئەوەی نەیتوانی بەرەنگاری ئەو قەیرانییە داراییە ببێتەوە کە بەرۆکی گرتووە، داواکاریی مایەپووچبوونی پێشکێشکرد.
کۆمپانیای سەرەکیی براندی ئۆزسوت کە لە ساڵی 1938ــەوە بناخەکەی لە پارێزگای ئیزمیری تورکیا دانراوە، چەند مانگێکە لە بەڕێوەبردنی فرۆشگەکان، پێدانی مووچەی کارمەندان و دەستخستنی کەرەستەی خاوی خۆراکیدا رووبەڕووی قەیران بووەتەوە.
ئەمە وایکردووە قەرزی زۆر لەسەر ئۆزسوت کەڵەکە بێت و کۆمپانیاکەی ناچار بە راگەیاندنی مایەپووچبوون کرد.
دادگەی سێیەمی بەرایی بازرگانیی ئیزمیر هەڵسەنگاندنی بۆ داواکارییەکە کرد و بڕیاری دا ماوەی مایەپووچبوون سێ مانگ بخایەنێت.
ماوەکە لە رۆژی 5-11-2026ـەوە بۆ کۆمپانیای STP و ئیبراهیم ئورلولو، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن هەژمار دەکرێ.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا، دەستەیەکی کاتیی تایبەت بە قۆناخی مایەپووچبوون (کۆنکۆرداتۆ) لە سێ کۆمیسیار بۆ کۆمپانیاکە و یەک کۆمیسیاریش بۆ ئیبراهیم ئورلولو دەستنیشان کران.
هەروەها رێکارەکانی جێبەجێکردنی قەرزی راگیران و گواستنەوەی سامانەکانیش سنووردار کران.
هاوکات گواستنەوەی موڵکە نەگوێزراوەکان، ئۆتۆمبێل و ئامێرەکانی بەرهەمهێنان قەدەخە کرا، رێگریش لە فرۆشتنی کاڵا بارمتەکراوەکان کرا.
هەروەها رۆژی 22-1-2027 دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو دۆسیە هەستیارە بەڕێوەدەچێت.
یەکەمجار نییە تووشی تەنگژەی دارایی دەبێت
ئیبراهیم ئورلولو، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکە ساڵی 2014 بەهۆی گوشاری داراییەوە 70%ـی پشکەکانی بە کۆمپانیای ئینفینیتی ئینڤێست هۆڵدینگ فرۆشت کە بنکەی سەرەکیی لە لۆکسمبۆرگە و لەلایەن مستەفا ئاشوور، سەرمایەداری لوبنانییەوە خاوەندارێتی دەکرێت. ساڵی 2019 پشکەکانی کڕییەوە و جارێکی دیکە کۆنترۆڵی کۆمپانیاکەی گرتەوە دەست.
پرۆسەی رێکخستنەوەی دارایی ئەو براندەی کە لەنێوخۆ و دەرەوەی تورکیا خاوەنی تۆڕێکی فراوانە، لە کەرتی خۆراک و بەتایبەتیس سیرینیدا جێی بایەخی خەڵکە و لە نزیکەوە چاودێری دەکرێ.
مایەپووچبوونی کۆمپانیاکان (کۆنکۆرداتۆ) چییە؟
رێککەوتنێکی یاساییە بۆ رێکخستنەوەی قەرز، ئەو کۆمپانیا یان کەسەی ناتوانێت قەرزەکانی بداتەوە، بۆ رزگاربوون لە مایەپووچبوون لە رێگەی دادگەوە لەگەڵ خاوەن قەرزەکانیدا دەیکات.
هەوڵەکە دەرفەتێکی فەرمیی هەناسەدانە بۆ رزگاربوون لە داڕمان و مایەپووچبوونی بە فەرمی.
دادگە ماوەیەک دەداتە کۆمپانیاکە و لەم ماوەیەدا سەرجەم رێکارەکانی جێبەجێکردن رادەگیرێن و چاودێر (کۆمسیار) بۆ چاودێریکردنی کۆمپانیاکە دادەنرێ.
کۆمپانیاکە پێشنیاز بۆ خاوەن قەرزەکان دەکات کە "دانەوەی قەرزەکە بەسەر ماوەیەکی درێژتردا دابەش بکەن" یان "کەمێک داشکاندن لە قەرزەکەدا بکەن و ئەوەی دەمێنێتەوە بیداتەوە."
ئەگەر خاوەن قەرزەکان و دادگە پلانەکە پەسند بکەن، کۆمپانیاکە لە کارکردن بەردەوام دەبێت و قەرزەکەی دەداتەوە. ئەگەر رێککەوتن نەکرا، پرۆسەکە بە مایەپووچبوون کۆتایی دێت.



