رووداو دیجیتاڵ
تورکیا، ژمارەیەکی پێوانەیی لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی با تۆمارکرد، کە گەیشتە 276 هەزار و 794 مێگاوات/کاژێر. بەمەش بەرهەمی وێستگە کارۆئاوییەکان و وێستگەکانی خەڵووزی تێپەڕاند.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کۆمپانیای گواستنەوەی کارەبای تورکیا بڵاویکردووەتەوە، رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆی گشتیی بەرهەمی کارەبا لەم وڵاتە 986 هەزار و 783 مێگاوات/کاژێر بووە.
بەرهەمی کارەبا لە وێستگە کارۆئاوییەکانی سەر بەنداوەکان 187 هەزار و 78 مێگاوات/کاژێر بووە، لە کاتێکدا بەرهەمی وێستگەکانی خەڵووزی هاوردەکراو 146 هەزار و 683 مێگاوات/کاژێر بووە. بەمەش پشکی ئەم دوو سەرچاوەیە لە کۆی گشتیی بەرهەمی کارەبادا بە تێکڕا 19% و 14.9% بووە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرهەمی کارەبا لە وزەی با ژمارەیەکی پێوانەیی رۆژانەی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە 276 هەزار و 794 مێگاوات/کاژێر، کە پشکی لە کۆی گشتیی بەرهەمی کارەبای تورکیادا گەیشتووەتە 28.1%.
لە 3ی کانوونی دووەمی 2026دا ژمارەی پێوانەیی لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی با تۆمارکرابوو، کە ئەو کاتە 259 هەزار و 76 مێگاوات/کاژێر بوو.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای گواستنەوەی کارەبای تورکیا، رۆژی 13ـی مانگ، بڕی بەکارهێنانی کارەبا لە تورکیا 978 هەزار و 790 مێگاوات/کاژێر بووە. هەروەها تورکیا 9 هەزار و 235 مێگاوات/کاژێر کارەبای هەناردە کردووە.


