رووداو دیجیتاڵ
تەرمی کرێکارێکی دیکەی بێسەروشوێنبوو لە تەقینەوەکەی 9-11-2026ی کارگەکەی ئیزمیر دۆزرایەوە و ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 19 کرێکار بەرزبووەوە.
ئێوارەی رۆژی هەینی 13-11-2026 تەرمی ئەو کرێکارە بەناوی باڕش گیونەی دۆزرایەوە کە لە تەقینەوەی کارگەی ئاسن و پۆڵای (هاباش)ی ئیزمیر بێسەروشوێن ببوو.
کاژێر 12ی نیوەڕۆی رۆژی 9-11-2026 بەهۆی کەوتنەخوارەوەی کرێنی بنمیچ بۆ نێو کورەی ئاسن ئەو تەقینەوەیە روویدا.
بەگوێرەی ئەنجامی سەرەتایی لێکۆڵینەوەکان، لە کاتی پرۆسەی ئامادەکردنی پۆڵای شلدا لە بەشی پۆڵاسازی، کرێنی بنمیچ پچڕاوە و کەوتووەتە نێو کوورەکەوە.
سەرەتا گیانلەدەستدانی چوار کریکار راگەیێندرا. دواتر ژمارەکە بۆ 17 کرێکار بەرزبووەوە.
دوای ئەوەی کریکارێکی بریندار بەناوی عەبدوڵڵا کڵنچ کە بریندار بوو و لە نەخۆشخانەدا گیانی لەدەستدا، ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 18 بەرزبووەوە.
ئێستاش بە دۆزینەوەی تەرمی باڕش گیونەی ژمارەی گیانلەدەستدان بۆ 19 بەرزبووەوە.
لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە، 11 کەس دەستگیرکراون کە سەرۆکی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیاکە، بەڕێوەبەری کارگەکە، بریکارەکانی خاوەنکار و ئەو بەڕێوەبەر و ئەندازیارانەیشیان تێدایە کە لە بەشە جیاوازەکاندا کاریان دەکرد.
نۆ لە گومانلێکراوەکان خراونەتە زیندانەوە و دووانیشیان لە ماڵەکانیاندا دەستبەسەرن.



.jpg&w=3840&q=75)