رووداو دیجیتاڵ
تەیب تەمەل، یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، ئەو دەستەیەی بڕیارە عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرپەرشتی بکات و لە پارێزەران، چالاکڤانان، سیاسەتڤانان و رۆشنبیران پێکدێ، لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە کارەکانی دەکات.
ئەو گوتانەی تەمەل تەیب لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا بوو کە درەنگانی شەوی رابردوو پەخشکرا و لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە گوتی:" پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێ و ئەو دەستەیەی بە سەرپەرشتیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێکدەهێندرێ، لە ماوەیەکی نزیکدا دەست بە کارەکانی دەکات. لە دەستەکەدا پارێزەران، چالاکڤانان، رۆشنبیران و سیاسەتڤانان هەن و دوای راگەیاندنی دامەزراندنەکە، رۆژنامەڤانانیش دەچنە ئیمراڵی و راستەوخۆ بۆچوونەکانی ئۆجەلان دەبیستن. ئەمە شتێکە نابێ دوابخرێ".
لەبارەی بۆچوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەم بابەتەدا تەمەل گوتی:"گەلی کورد چاوەڕێی دەنگی بەڕێز ئۆجەلانە. بەڕێز ئۆجەلان دەتوانێ باوەڕ بە گەلانی تورکیاش بێنێت. بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت: 'هەموو ئەو تێڕوانینانەی لەسەرم دروستکراون لەلای خەڵکی تورکیا دەیانشکێنم و پڕۆژەکەمان پێشکێش دەکەم".
"گەورەترین کێشە دۆخی تایبەت بە ئۆجەلانە"
تەمەل دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی بەردەم پرۆسەکە ناودەبات و بە پێویستی دەزانێت باشتر بکرێ.
هەروەها دەڵێت:" دەوڵەت چاوەڕێی لەنێوبردنی تەواوەتیی چەکەکان دەکات، بەڵام هەنگاونەنان بۆ ئازادکردنی زیندانییانی سیاسی و گەڕاندنەوەی ئەو شارەوانییانەی قەییوومیان بۆ دانراوە، بێ متمانەیی لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا دروستکردووە. لە هەموو کۆبوونەوەیەکدا رەخنەمان لە بەرپرسانی دەوڵەت ئەوەیە و دەڵێین، ئێوە رێگری لەوە دەکەن کۆمەڵگە متمانە بە پرۆسەکە بکات."
تەمەل باسی ئامادەکارییەکانی دەم پارتیشی بۆ قۆناخی نوێ کرد و گوتی، نابێت پرۆسەکە تەنیا لەسەر بنەمای ئەو هەنگاوانە هەڵبسەنگێندرێ کە دەوڵەت چاوەڕێیان دەکات.
"سازش لەسەر کوردبوون ناکرێ"
تەمەل وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە لەبارەی مافە نەتەوەییەکانەوە دەگیرێن و گوتی:"ئامانجی بەڕێز ئۆجەلان ئازادبوونی کوردە. سازش لەسەر کوردبوون ناکرێ. دەبێت باوەڕمان بە هێز و خۆشەویستی هەبێت و دەست بە کارەکان بکەین."
تەمەل راشیگەیاند عەبدوڵڵا ئۆجەلان چاوەڕێی کۆبوونەوە لەگەڵ رۆژنامەڤانان، چالاکڤانان و کەسانی ئەکادیمی دەکات.
تەمەل ئامانجی سەرەکیی قۆناخی نوێشی بە "بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" پێناسە کرد.
محەممەد ئوچوم، راوێژکاری باڵای سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا رۆژی 17-9-2026 رایگەیاند، ئەرکی هاوئاهەنگیکاری دەستەی چەکدانان و ستراتیجی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەدرێ.
ئەمە لەکاتێکدایە دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پێشنیازی کرد ئەرکی (هاوئاهەنگیکاری ئاشتی و بە سیاسی بوون) بە ئۆجەلان بدرێت.



.jpg&w=3840&q=75)