رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر (پەکەکە) دەڵێ، ویستی تەواویان بۆ چارەسەری سیاسی و دیموکراسی هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، جگە لە کشانەوەی سەرجەم گەریلاکان لەنێو سنووری تورکیا، زیاتر لە 10 ئەشکەوتیش چۆڵکراون. هێزەکە باس لەوەش دەکات، هەر کاتێک دەسەڵات کەشێکی یاسایی لەباری رەخساند، گەڕانەوەی گەریلاکان بۆ تورکیا دەستپێدەکات.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئایاری 2025دا خۆی هەڵوەشاندەوە و ناوی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری لە خۆی نا. ئەمڕۆ هەینی، 13ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر راگەیێندراوێکی بەرفراوانی نووسراوی بڵاوکردەوە و تێیدا تیشکی خستە سەر دوایین قۆناخی پرۆسەی چارەسەری، ئەو هەنگاوە کردەییانەی نراون و مشتومڕەکانی پەیوەست بە چەقبەستنی پرۆسەکە.
زیاتر لە 10 ئەشکەوت چۆڵکراون
لە راگەیێندراوەکەدا ئەو هەنگاوانە بیرهێنراونەتەوە کە دوای بانگەوازەکەی 27ی شوباتی 2025ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە نران، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، سووتاندنی سیمبوولیی چەکەکان و کشانەوە لە سنوورەکانی تورکیا، بەڵگەی گۆڕانکاریی ستراتیژیی پەکەکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر دەڵێ، دوای ئەوەی پڕۆژە یاسای تایبەت بە پرۆسەکە لە مانگی ئابی ئەم ساڵدا لە پەرلەمان پەسندکرا، سەرجەم گەریلاکانیان لە تورکیا کشاندوونەتەوە و دەڵێ: "شانەی ناو شارە گەورەکانیش چوونەتە ناوچەکانی
پاراستنی میدیا (باشووری کوردستان). لە دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 10 ئەشکەوت لە نزیک سنوورەکانی تورکیا چۆڵکراون. ئێستا لە سنوورەکانی تورکیا و لەو شوێنانەی سوپای تورکیا جێگیر بووە، هیچ هێزێکی سەربازیی ئێمە نەماوە. دۆخی نەبوونی شەڕ نەوەک تەنیا لە رووی بڕیاری ویستەوە، بەڵکو لە رووی جوگرافیشەوە هاتووەتە دی. لەبەر ئەمەش دەوڵەتی تورکیا و سوپاکەی ناتوانن باس لە هیچ هەڕەشەیەکی سەربازی بۆسەر خۆیان بکەن."
"دەسەڵات هەنگاو نانێت و نیگەرانییەکان زیاتر دەبن"
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر دەڵێ، سەرەڕای هەنگاوەکانی ئەوان، حکومەت لە رووی کردارییەوە هەنگاوی پێویستی نەناوە و ئاماژە بەوە دەکات: "لە هیچ شوێنێکی جیهاندا کە چەندین دەیە شەڕی تێدا بووبێت، بزووتنەوەیەکی هاوشێوەی ئێمە هەنگاوی وەها خێرا و کاریگەری نەناوە".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەدا، دەسەڵاتی تورکیا هەنگاوی کۆنکرێتی نەناوە و "ئەمەش لەنێو رای گشتیدا گومانی دروستکردووە، بە جۆرێک لەبارەی ئەو بابەتانەی لە راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەماندا دەستنیشانکراون و تەنانەت پێویستییان بە یاساش نییە، هەنگاوی دیموکراسی نەنانراوە؛ ئەمەش نیگەرانییەکان زیاتر دەکات لەسەر ئەوەی 'ئایا پرۆسەکە چەقیبەستووە یان سڕکراوە؟' ئێمە هیچ نیگەرانییەکمان بۆ پێگەی داهاتووی خۆمان نییە؛ تاکە نیگەرانیی ئێمە ئەوەیە کە تورکیا ببێتە خاوەنی سیستمێکی دیموکراسی."
"گەڕانەوە دەستپێدەکات"
لە راگەیێندراوەکەدا داواکارییە سەرەکییەکان بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە باسکراون و ئاماژە بەوە کراوە کە ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان مەرجی پێشوەچوونی پرۆسەکەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر دەڵێت: "بەرەو پێشچوونی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی تەنیا بە ئازادیی رێبەر ئاپۆ بەدی دێت. دەبێت رێبەرەکەمان بگاتە ئەو مەرج و دۆخەی بتوانێت بە ئازادی بژی و کار بکات، بۆ ئەمەش پێویستە دەستەی ئاشتی و بەسیاسیکردن دەستبەکار بێت. ئێمە ئیرویستیادەی خۆمان بە روونی خستووەتەڕوو بۆ بەشداریکردن لە ژیانی سیاسیی دیموکراسیدا. کاتێک سیستمێکی یاسایی کە رێگە بەو کارە دەدات هاتە کایەوە، گەڕانەوە بۆ تورکیا دەستپێدەکات. ویستی ئێمە بۆ چارەسەری سیاسیی دیموکراسی تەواوە؛ کاتێک دەسەڵاتی ئاکپارتی کەشی یاسایی خوڵقاند، کێشەکە تا ئاستێکی گەورە چارەسەر دەبێت."
"تەنیا بە چەکدانان کێشەکە چارەسەر نابێت"
بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر باس لەوە دەکات کە بۆ چارەسەریی هەمیشەیی، پێویستە هۆکارە بنەڕەتییەکانی شەڕ بنبڕ بکرێن و دەڵێ: "ئێمە بە تەواوی لەگەڵ ئەو بۆچوونەداین کە تەنیا بە چەکدانان کێشەکە چارەسەر نابێت، بەڵکو دەبێت بۆ نەهێشتنی ئەو هۆکارانەی پرسی کوردیان دروستکردووە هەنگاوی دیموکراسی بنرێن. بەم جۆرە بە چارەسەرکردنی پرسی کورد و پرسی عەلەوییەکان، تورکیا سەرجەم تواناکانی خۆی دەخاتە خزمەت پێشخستنی کۆمەڵگە و ئەم مۆدێلەش سەرنجی هەموو جیهان رادەکێشێت."
پرۆسەی نوێی چارەسەری لە دوای بانگەوازەکەی تشرینی یەکەمی 2024ی دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) و بانگەوازەکەی 27ی شوباتی 2025ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان چووە کارنامەی تورکیاوە. لەم چوارچێوەیەدا، پەکەکە لە ئایاری 2025دا لە کۆنگرەی خۆیدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری راگەیاند و لە ئابی 2026یشدا یاسای چوارچێوەیی لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا.
ئێستا بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەکە و جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و دانوستاندن، چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیان کە بڕیارە رۆژی 27ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەبچێت. ئەگەر لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری پشتڕاستکردنەوە لە چەکدانانی پەکەکە دەربچێت، یاسای چوارچێوەیی دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و گەریلاکان دەتوانن لە شەش مانگدا داواکاری پێشکێش بکەن بۆ ئەوەی لێی سوودمەند بن.

.jpg&w=3840&q=75)

