رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا لە وەڵامێکی فەرمیدا بۆ پێشنیازە پرسیاری ئۆزنوور بارتن، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی جۆلەمێرگ، ئامارەکانی وانەی بژاردەی کوردیی ئاشکرا کرد و رایدەگەیێنێت، لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان بۆ زیاتر لە 86 هەزار قوتابی کە وانەی کوردییان هەڵبژاردووە، تەنیا 153 مامۆستا دامەزراون. وەزارەتەکە هەروەها بە پشتبەستن بە خاڵی 42ـی دەستووری تورکیا رایدەگەیێنێت، هیچ کارێکیان بۆ پەروەردە بە زمانی دایک نییە.
ئۆزنوور بارتن، پەرلەمانتاری دەم پارتی، پێشتر لە پەرلەمانی تورکیا پێشنیازە پرسیارێکی ئاراستەی یوسف تەکین، وەزیری پەروەردەی تورکیا کردبوو تاوەکو روونکردنەوە لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم وانەی بژاردەی کوردی (کورمانجی و زازاکی)، کەمیی مامۆستا و دابەشنەکردنی پەرتووک لەسەر قوتابییان بدات.
بارتن لە پێشنیازە پرسیارەکەیدا ئاماژەی بە راپۆرتەکانی یونسکۆ کردبوو کە باس لەوە دەکەن لە تورکیا 15 زمان لەژێر مەترسیی لەناوچووندان و جەختی لەوە کردبووەوە کە بەپێی راپرسییەکان 98.7٪ـی خەڵک خوازیاری پەروەردەن بە زمانی دایک.
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا لە رێگەی سەرۆکایەتیی گەشەپێدانی ستراتیژییەوە بە ئامار وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
بۆ زیاتر لە 87 هەزار قوتابی تەنیا 153 مامۆستا هەن
بەپێی تۆمارە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە، لە ساڵی خوێندنی 2026-2027 لە قوتابخانە ناوەندییەکان بۆ پۆلەکانی 5، 6، 7 و 8، بە گشتی داوای 87 هەزار و 607 پەرتووکی وانەی کورمانجی و زازاکی لەلایەن قوتابخانەکانەوە کراوە.
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا لە وەڵامەکەیدا رایدەگەیێنێت، لە هەردوو زاراوەی کورمانجی و زازاکی لە 16 پارێزگادا تەنیا 118 مامۆستای دامەزراو، 24 مامۆستای گرێبەست و 11 بەڕێوەبەر، بە گشتی 153 مامۆستا کار دەکەن. لەو ژمارەیە 118 کەس لە بەشی کورمانجی و 35 کەس لە بەشی زازاکیدان.
وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە کردنەوەی پۆلی وانەی بژاردە بە مەرجی هەڵبژاردنی لانیکەم 10 قوتابی دەبێت و ئەگەر مامۆستای دامەزراو نەبێت، لە قوتابخانەکانی دیکەوە یان لە رێگەی مامۆستای کاتییەوە ئەو وانانە دەگوترێنەوە.
بۆچی پەرتووکەکانی کوردی لە کاتی خۆیدا دابەش نەکران؟
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا سەبارەت بە رەخنەکان لەبارەی نەبوونی پەرتووکەکان، ئاشکرای کرد کە تاوەکو 28ـی تشرینی یەکەم تەنیا 50 هەزار و 816 پەرتووک بۆ پۆلەکانی 6، 7 و 8 چاپ و بڵاوکراونەتەوە.
سەبارەت بە پۆلەکانی 5، وەزارەتەکە هۆکاری دواکەوتنەکەی بۆ ئامادەکاری و چاپ گەڕاندەوە و گوتی: "بۆ ئەم ئاستە 32 هەزار و 234 پەرتووکی کورمانجی و 4 هەزار و 517 پەرتووکی کێرمانجی داواکراون. پەڕاوی کێرمانجی درەنگ کەوتە چاپ و پەرتووکی کورمانجیی پۆلی 5ـیش بەهۆی ئامادەنەبوونی پەڕاوەکە چاپ نەکراوە." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پەرتووکەکان تەنیا لە 2ـی تشرینی دووەمی 2026 لەسەر تۆڕی (EBA) بڵاوکراونەتەوە و کاری چاپکردنیان هێشتا بەردەوامە.
رەتکردنەوەی پەروەردە بە زمانی دایک
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا لە بەشی هەرە گرنگی وەڵامەکەیدا، دەرگای پەروەردە بە زمانی دایکی بە تەواوی داخست و خاڵی 42ـی دەستووری بیر هێنایەوە کە دەڵێت "جگە لە تورکی هیچ زمانێکی دیکە وەک زمانی دایک بە هاووڵاتییان فێر ناکرێت و پەروەردە ناکرێت".
وەزارەتەکە بە فەرمی رایدەگەیێنێت: "لەسەر بنەمای دەستووری ئێستا، لەلایەن وەزارەتی ئێمەوە هیچ کارێک بۆ پێدانی پەروەردە بە زمانی دایک بە زمانەکانی غەیری تورکی ناکرێت."
وانەی بژاردەی کوردی (کورمانجی و زازاکی) لە ساڵی 2012ـەوە بە ناوی (زمان و زاراوە زیندووەکان) چووەتە ناو بەرنامەی قوتابخانەکانی تورکیا.
سەرەڕای ئەوەی ساڵانە دەیان هەزار قوتابی ئەم وانەیە هەڵدەبژێرن، بەڵام دەزگاکانی زمان و پارتە سیاسییەکانی کورد بەردەوام رەخنە دەگرن کە وەزارەتی پەروەردە بە دانەمەزراندنی مامۆستای پێویست و دابەشنەکردنی پەرتووک لە کاتی خۆیدا، گوشار دەخاتە سەر ئەم وانەیە و رێگە لە بەرەوپێشچوونی دەگرێت، هەروەها بۆ رێگریکردن لە داواکاریی سەرەکیی پەروەردە بە زمانی دایک، دەستوور وەک قەڵخان بەکار دەهێنێت.
.jpg&w=3840&q=75)


