رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتیی سەرکەوتن کاردانەوەی تووندی بەرامبەر بە کۆبوونەوەیەک لە ئامەد نیشاندا و رایگەیاند، رێگە نادەن تورکیا دابەش بکرێت و هەڕەشەی دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو کارانەی کرد کە مستەفا کەمال ئەتاتورک بەرامبەر شێخ سەعید و سەید رەزا کردوویەتی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-11-2026 ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی سەرکەوتن، کاردانەوەی تووندی بەرامبەر بە کۆبوونەوەیەک نیشاندا کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری لە ئامەد لە باکووری کوردستان بەڕێوەچووە و رایگەیاند، "بەپێی ئەو راگەیێندراوە جوداخوازییەی کە وەک ئەنجوومەنێکی 51 کەسیی ساختە راگەیێندراوە، گوایە کورد مافی چارەی خۆنووسینی هەیە. لێرەوە پرسیار دەکەین، ئایا شیرینیی قەیماخیشتان لەگەڵ دەوێت؟ سەیری بکەن، ئێمە شیرینیی قایماختان نادەینێ، بەڵام هەمان ئەو کارەتان لەگەڵ دەکەین کە مستەفا کەمال ئەتاتورک بەرامبەر شێخ سەعید و سەید رەزا کردی."
ئۆزداغ ئاماژەی بە پرۆسەی چارەسەری کرد و رەخنەی تووندی لە ئاکپارتی و مەهەپە گرت.
"رێگە نادەین ئیسرائیلێکی دووەم دروست بکرێت"
سەرۆکی پارتیی سەرکەوتن بانگەشەی ئەوەی کرد کە لە کۆبوونەوەی 7ی تشرینی دووەم لە ئامەد، "گرووپە سیاسییە کوردییە رەگەزپەرست و جوداوازە فاشیستەکان" خەونی سێڤر دەبینن و ئامانجە راستەقینەکانی خۆیان "بێشەرمانە، ئاشکرایانە و بە نەگریسی" خستووەتەڕوو.
ئۆزداغ لە وەڵامدا گوتی، "هەمان ئەو کارەتان لەگەڵ دەکەین کە مستەفا کەمال ئەتاتورک بەرامبەر شێخ سەعید و سەید رەزا کردی. رێگە نادەین ئەم وڵاتە دابەش بکەن. چیدی یاری بە دەماری ئەم گەلە مەکەن. ناتوانن کۆماری تورکیا دابەش بکەن. رێگە نادەین ئیسرائیلێکی دووەمتان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بۆ دابمەزرێنین."
ئۆزداغ حکومەتی ئاکپارتی و مەهەپەی تۆمەتبار کرد کە کەوتوونەتە "تەڵەیەکەوە لەژێر ناوی یەکخستنی پەکەکە" و گوتی، "پێویستە دەسەڵاتی ئاکپارتی-مەهەپە ئەم تەڵەیە ببینێت. وڵاتەکەمان خراوەتە ناو گێژاوی خۆڕادەستکردن بە تیرۆر لەژێر ناوی 'تورکیای بێ تیرۆر' لە ناوخۆ و 'یەکخستنی پەکەکە' لە دەرەوە. پێویستە بزانرێت کە پاڵپشتیکردنی ئەم پرۆسە وێرانکارییە هاوتەریبەی ناوخۆ و دەرەوە، تورکیا جارێکی دیکە بەرەو مەرجەکانی سێڤر دەبات."
دوای بەستنی کۆنفرانسێکی داخراوی دامەزراندن بە بەشداریی 170 سیاسەتڤانی بانگهێشتکراوی کورد، هاوپەیمانیی نەتەوەیی کوردستان بە ناوی "هەڤبەندی" دامەزرا، کە هاوپەیمانییەکی سیاسیی کوردیی نوێیە و خاوەن ئەنجوومەنێکی 51 کەسییە. هاوپەیمانییەکە لە رۆژی 9ی تشرینی دووەمی 2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە فەرمی راگەیێندرا.




