رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنتاڵیای تورکیا لەگەڵ سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە و دەڵێت، "کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارم ئەنجام دا." هەردوولاش دووپاتیان کردەوە، "شەڕ و ململانێکان خزمەت بە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک ناکەن."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-11-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کارهکانی لووتکەی کەشوهەوا لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا لەگەڵ مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "ئەم بەیانییە لە ئەنتالیا کۆبوونەوەیەکی بهرههمدارم لەگەڵ بەڕێز سەرۆک مەسعوود پزیشکیان ئەنجام دا."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بیروڕامان دەربارەی دۆخی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد."
هەروەها نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەش کردووە، "جەختمان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هەوڵە هاوبەشەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە و پێداگریمان کرد کە دیالۆگ، لێکگەیشتنی هاوبەش و هاریکاری، باشترین رێگەن بەرەو ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، چۆنیهتیی پتەوکردنیان و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا لهسهر بنهمای بەرژەوەندیی هاوبەش، تاوتوێ کران.

'رەوشی ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکانی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. تیایدا هەردوولا دووپاتیان کردەوە کە شەڕ و ململانێکان خزمەت بە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک ناکەن و گفتوگۆ، لێکگەیشتنی هاوبهش و رێگەچارە دیپلۆماسییەکان باشترین رێگەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان،" ئەمەش بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی و پزیشکیان جەختیان لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکانی وڵاتانی ناوچەکە و بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوانیان کردەوە، "بە شێوەیەک کە ببێتە مایەی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەدیهێنانی ئاشتییهکی بهردهوام و لە خزمەتی بەرژەوەندیی هەموو گەلانی ناوچەکەدا بێت."
چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
رۆژی چوارشەممە 11ی تشرینی دووەمی 2026 نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشداریی لە لووتکەی کەشوهەوا لە ئەنتاڵیا کرد و لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان و سەرکردەکانی جیهان کرد.

