رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند لە گابار باشترین جۆری نەوت بەرهەمدەهێنن و بەرهەمی رۆژانە گەیشتووەتە 84 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. تاوەکو ئێستاش 75.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان لەوێ دەرهێناوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای کۆبوونەوەی کابینەی کۆماریی وڵاتەکەی کە ئەمڕۆ دووشەممە 9-11-2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد.
ئەردۆغان باسی نەوتی شرنەخی باکووری کوردستانی کرد و گوتی:"شرنەخ- گابار، بوونەتە پایتەختی نەوت. لە گابار کە سەردەمانێک شوێنی تیرۆر، تووندوتیژی و ترس بوو، ئێستا بە کواڵیتیترین نەوتی تورکیا لەوێ بەرهەمدەهێنین. ئەمڕۆ لە 184 بیری نەوتدا گەیشتووینەتە 84 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. 8٪ی پێویستیی بەکارهێنانمان لە گابار دەستەبەر دەکەین. هەتاکو ئێستا لە گابار 75.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاومان دەرهێناوە".
سەرۆککۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند، گەڕان و پشکنین لە ناوچەکەدا بەردەوامە و دوو شوێنی دیکەیان دۆزیوەتەوە، کە نەوتیان تێدایە.
ئەردۆغان راشیگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە گازیلەر و چارداکڵی دەستیپێکراوە و گوتی:"بەگوێرەی یەکەمین هەڵسەنگاندنمان لەو دوو کێڵگەیەدا توانای دەرهێنانی 135 ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند، بەو هەنگاوانە لە کێڵگە نەوتییەکانی گابار و کاراکردنی تەواوەتیی دوو کێڵگەکەی دیکە، بەرهەمی نەوت لە ناوچەکەدا 30٪ زیاد دەبێت. لە نیوەی دووەمی 2027ــدا بەرهەمی رۆژانە لە ناوچەکەدا 100 هەزار بەرمیل تێدەپەڕێنێت، کە دەکاتە 4.4 ملیار دۆلاری ساڵانە بۆ ئابووریی تورکیا.
دۆزینەوەی نەوت لە گابار
تورکیا سەرەتای ئایاری 2023 دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتیی لە ناوچەی گاباری شرناخ راگەیاند. ئەوکات کۆمپانیای TPAO رایگەیاند، بەرھەمھێنانی رۆژانەی نەوت لە شرناخ 70 ھەزار بەرمیلە.
کێڵگە نەوتییەکانی تورکیا زۆر دەوڵەمەند نین. کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا زیاتر لە پارێزگاکانی سەمسوور، ئێلیهـ و ئامەدی باکووری کوردستانن. هەروەها لە پارێزگاکانی سێرت و رووها و مێردینی باکووری کوردستانیش کێڵگەی نەوتی هەن. ئەو نەوتەی بەرهەمدێت بەشێکی کەم لە پێداویستییەکانی نێوخۆی تورکیا دابین دەکات.
لە کاتێکدا 93%ی کێڵگە نەوتییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە 25 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمتریان هەیە، 7%ـیان کێڵگەی گەورەن و یەدەگەکانیان لەنێوان 25 ملیۆن بۆ 500 ملیۆن بەرمیلە. لە تورکیا لە قوڵایی 3000 - 4000 مەتردا نەوت دەردەهێندرێت.



