رووداو دیجیتاڵ
لە کارگەی ئاسنی هاباش لە ئیزمیری تورکیا تەقینەوەیەک روویدا و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، سێ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و 14 دیکەش بریندار بوون.
دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026 لە کارگەی ئاسن و پۆڵای هاباش لە ناوچەی عەلی ئاغای ئیزمیر، تەقینەوەیەک روویدا.
پارێزگای ئیزمیر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، سێ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، 14 کرێکاری دیکەش بریندار بوون کە دۆخی سیانیان ناجێگیرە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێشتا نزیکەی 10 کرێکار لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە و تیمەکانی فریاگوزاری لە هەوڵدان بۆ رزگارکردنیان .
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش پارێزگای ئیزمیر لە راگەیێندراوەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن، رووداوەکە بەهۆی ئامێری بەرزکردنەوەی ئاسن و کەوتنەخوارەوەی بۆ ناو کورەی ئاسن لە کاتی تواندنەوەی ئاسندا بووە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە کارگەکە پێشینەیەکی خراپی لە رووی سەلامەتیی کارەوە هەیە و ئەمەش نیگەرانیی زۆری لێکەوتووەتەوە.
ئومیت ئۆزلالە، پەرلەمانتاری پارتیی نوێ لە ئیزمیر، رووداوەکەی بە "کارەساتێکی چاوەڕوانکراو" ناوبرد و رایگەیاند، لە ئەیلوولی 2025دا لە هەمان کارگە تەقینەوەیەکی دیکە روویدا کە بووە هۆی برینداربوونی حەوت کرێکار.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتیی نوێ رەخنەی ئاراستەی وەزارەتی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی تورکیا کرد و رایگەیاند، دوای تەقینەوەکەی پار، هیچ پشکنینێک بۆ کارگەکە نەکرا و رێوشوێنی سەلامەتیی بۆ کرێکاران نەگیرایەبەر.
لە 5ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵیش کرێکارێکی دیکە لە کاتی کارکردن گیانی لەدەستدا و کرێکارێکی دیکەش بریندار بوو.


