رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێ: "گەل و دەوڵەتەکەمان بڕیاری خۆیان داوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی تیرۆر کە نیو سەدەی خایاند. گەڕانەوە لەمە نییە؛" ئاماژە بەوەش دەکات: "ئەشکەوتەکان بەپێی پلانێکی دیاریکراو چۆڵ دەکرێن."
ئەمرۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجانەوە لەنێو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەری کە لای بەرپرسانی تورکیا بە پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" ناسراوە، ئەردۆغان گوتی، پرۆسەکە بەبێ پاشگەزبوونەوە بەردەوام دەبێت و گوتی: "پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی رێکخراوەکە لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت و حکومەتەکەمانەوە لە نزیکەوە چاودێری دەکرێ. ئەشکەوتەکان لە چوارچێوەی پلانێکی دیاریکراودا چۆڵ دەکرێن."
ئەردۆغان ئامانجی کۆتایی پرۆسەکەی دیاریکرد و رایگەیاند: "هیوامان ئەوەیە لە ماوەیەکی نزیکدا قۆناخەکانی پشتڕاستکردنەوە و دیاریکردن تەواو ببن و بگەینە قۆناخی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی. هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەمەیە."
لەبارەی پێکهێنانی لیژنەی چاودێری لە پەرلەمانی تورکیا، ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە کارەکانی پێکهێنانی لیژنەکە بەمزووانە تەواو دەکرێن و لیژنەی هەڵسەنگاندن و چاودێری پرۆسەکە لەلایەن یاریدەدەری سەرۆککۆمارەوە بەرێوەدەبردرێ، لە کارەکانی بەردەوامە.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە هەندێک کەس پێیان وا نەبوو پرۆسەی چارەسەری بەبێ کێشە بگاتە ئەم قۆناخە و گوتی:"هەڵوێستێکی زۆر بەپەرۆشمان هەبووە. لەبری ئەوەی کاتێکی دیاریکراو دەستنیشیان بکەین، سەرنجمان خستووەتە سەر تەواوکردنی پرۆسەکە."
لە بارەی چۆنیەتی بەرێوەچوونی پرۆسەکەش سەرۆککۆماری تورکیا دەستەواژەی لاتینی "Festine Lente" بەکارهێنا، واتە 'بە هێواشی پەلە بکە' و گوتی:"بە وریایی بەڵام بە خێرایی هەنگاو دەنێین و نامانەوێ رێگە بە هیچ رووداوێکی نەخوازراو بدەین."
پرۆسەی چارەسەری رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ـی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. هەروەها رۆژی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان لە سنووری دووکان لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ـی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18ـی شوباتی 2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.
رۆژی 24ـی ئابی 2026، لیژنەی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی کە لەژێر چەتری یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێکهێندرا و یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
رۆژی 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری هات، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 مادە پێکهاتووە و لەژێر ناوی پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی پێشکەش کرابوو.
رۆژی 17ـی ئابی 2026، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر یاساکە کرد و لە 18ـی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی وڵات دا بڵاوکرایەوە و چووە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی 20ـی ئابی 2026، دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن، لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 7595 (یاسای پاڵپشتی نیشتمانی و بەهێزکردنی کۆمەڵایەتی)ـی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دامەزرا.
ئەو دەستەیە بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار پێکهێندرا. هەریەک لە وەزیرانی داد، بەرگری، ناوخۆ، دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (میت) و سکرتێری سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا تێی دا ئەندامن. یەکەم کۆبوونەوەی ئەو دەستەیە لە 24ـی ئابی 2026 کرا.



