رووداو دیجیتاڵ
سەررا بوجاک و ئەمین ئای، هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانیی ئامەد ، لە پەیامێکی تایبەتدا سەرەخۆشییان لە بنەماڵەی ئەو دوو هاونیشتمانییەی شاری هەولێر کرد، کە شەوی رابردوو بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستدا.
لەو پەیامەدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 8-11-2026 لە هەژماری گەورەشارەوانیی ئامەد بڵاوکرایەوە، هاوسەرۆکانی شارەوانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو دوو هاونیشتمانییە کردووە و هیوای سەلامەتیان بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکە خواستووە.
پەیامەکە بە شێوەزارە جیاوازەکانی زمانی کوردی و زمانی تورکیش بڵاوکراوەتەوە و لە بەشێکیدا هاتووە: "هاوبەشی خەمی هەولێرین. بە قووڵی هاوبەشی خەمی لەدەستدانی محەممەد رەسول و مستەفا سەرکەوتی تەمەن پێنج ساڵانین، کە لە کارەساتی لافاوەکەی شاری هەولێری هەرێمی کوردستانی فیدراڵ گیانیان لەدەستدا".
هەروەها رایانگەیاندووە:"هیوای سەلامەتی بۆ سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەخوازین کە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە. ئێمە وەکو گەورەشارەوانیی ئامەد، هاوبەشی خەمی گەلەکەمانین و هاوپشتی و پشتیوانیی خۆمان دووپات دەکەینەوە".
رۆژی شەممە شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ شاری هەولێری گرتەوە و لافاو دروست بوو، بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لە دەست دا و زەرەرێکی زۆریش بەر ژمارەیەک گەڕەکی شاری هەولێر کەوت و چەندین ئۆتۆمبێل لە شەقامەکاندا ژێر ئاو کەوتن.


