رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گواستنەوەی تورکیا دەڵێ، ژێرخانی یاسایی بۆ دروستکردنی رێڕۆی ئاسمانی بۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ئامادەیە.
عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا دەڵێ، ژێرخانەکە رێگە بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەدات جووڵەی دوورمەودا بکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "لە ئاسماندا رێگەی ئاسمانیی دیجیتاڵی دروست دەکەین."
ئۆراڵئۆغڵو، لەبارەی ئەو رێڕۆ ئاسمانییانەی لە چوارچێوەی رێنمایی سیستمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە 30ـی تەممووزی 2026 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی دەرچووە، زیانیاری زیاتری ئاشکرا کرد.
وەزیری گواستنەوەی تورکیا رایگەیاند، رێڕۆی درۆنەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنی و بە هاوئاهەنگی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دروست دەکرێن. سنوورەکان، ئاراستەی گەشتەکان و کەمترین مەودای نێوان فڕۆکەکان بە شێوەی دیجیتاڵی دیاری دەکرێن.
ئۆراڵئۆغڵو گوتی:" رێڕۆکان بە شێوەیەک دادەنرێن کە ناوچە قەدەخەکراو و مەترسیدارەکان نەبڕن."
ئۆراڵئۆغڵو ئاماژەی بەوە کرد کە رێڕۆی گەشتەکان بە پشتیوانیی ژیریی دەستکرد دیاری دەکرێن و کۆنترۆڵی گەشتەکانیش لە رێگەی سیستمێکەوە دەبێت و لە کاتی پێویستدا دەتوانرێت رێڕۆکە بگۆڕدرێ. لە کاتی نەمانی پەیوەندیشدا درۆنەکان بەرەو ناوچەی فریاکەوتنی پێشوەختە دیاریکراو ئاراستە دەکرێن، بەبێ ئەوەی بەسەر ناوچە نیشتەجێبووەکاندا تێپەڕن.
بەکارهێنانە سەرەکییەکانی "رێگەی خێرای درۆنەکان"
• گواستنەوەی لۆجستی: گواستنەوەی کاڵای نێوان شارەکان.
• کەرتی تەندروستی: گواستنەوەی خوێن، دەرمان، ڤاکسین و نموونەی پزیشکی لەنێوان نەخۆشخانەکان.
• ناوچە سەختەکان: گەیاندنی پێداویستی بۆ دوورگەکان و ئەو شوێنانەی لە زستاندا رێگەیان سەختە.
• پیشەسازی: گواستنەوەی پارچە لەنێوان ناوچە پیشەسازییەکان، کارگەکان و بەندەرەکان.
• چاودێری: چاودێریکردنی دوورمەودای هێڵەکانی گواستنەوەی وزە، هێڵی بۆری، هێڵی شەمەندەفەر و رێگە سەرەکییەکان.
ئۆراڵئۆغڵو گوتی، ئەم ریڕۆیانە بۆ کار بەکادەهێندرێن و تەنیا ئەو کەس و دامەزراوانەش کاردەکەن کە مۆڵەتییان پێدەدرێ.


