رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی تورکیا کارنامەی دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە. پەرلەمان تاوتوێی پڕۆژەیاسای مانگی سووری تورکی دەکات. لەپاڵ ئەمەشدا لیژنەی پلان و بودجە تاوتوێی بودجەی ساڵی 2027ی چوار وەزارەت دەکات. بەڵام هیچ بڕگەیەکی تایبەت بە کۆمیسیۆنی چاودێری پرۆسەی چارەسەری لە کارنامەکەدا نییە.
پەرلەمانی تورکیا هەفتەیەکی پڕکار بەڕێدەکات و بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەیدا بودجەی ساڵی 2027ـی چوار وەزارەت و دەستە و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانیان تاوتوێ بکات.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە 1ی تشرینی یەکەمی 2026دا لە گوتاری دەستپێکی وەرزی نوێی یاساداناندا باسی لە کاراکردنی لیژنەکانی بەدواداچوون بۆ پرۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پەکەکە کرد، بەڵام پێنج هەفتە بەسەر کرانەوەی پەرلەمان تێپەڕی، دۆسیەکە نەخراوەتە نێو کارنامەی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە.
بڕیاربوو لە هەفتەی دووەمی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تورکیادا کاراکردنی کۆمیسیۆنی چاودێریی پرۆسەی چارەسەریی دەنگی لەسەر بدرێ بۆ ئەوەی کارا بکرێ و لیژنە لاوەکییەکان دەستبەکاربن و ئەرکی سوپا و هەواڵگریی بەپێی یاسا کار بۆ پرۆسەکە بکەن. ئەویش نەکرا.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی مشتومڕەکان لەبارەی ئاشکراکردنی لیستی ناوی ئەو کەسانەی لە سکانداڵی سندووقی راسپاردە داراییەکاندا تێوەگلاون، چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمان دەبن، کە رۆژی دووشەممە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بودجەی وەزارەتی داد کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمانیشدا، چاوەڕوان دەکرێ درێژە بە گفتوگۆکان لەبارەی پڕۆژەیاسای مانگی سووری تورکی بدرێ، کە پێشتر بەهۆی پێشخستنی تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای هاوپەیمانیی بەرگریی مەککەوە راگیرابوو. پڕۆژەیاساکە لە 9 مادە پێکدێت و تاوەکو ئێستا 4 مادەی پەسند کراوە.
رێکخستنەوەی دەسەڵاتەکانی مانگی سووری تورکی
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، ئەرک و دەسەڵات و مافەکانی مانگی سووری تورکی رێکدەخرێنەوە.
ئامانج لەم هەنگاوە بەهێزکردنی پێگەی رێکخراوەکەیە وەک رێکخراوێکی نیشتمانی و نێودەوڵەتیی مرۆیی؛ هەروەها ئەنجامدانی چالاکی لە بوارەکانی کارەسات، جەنگ، تەندروستی، یارمەتیی مرۆیی و پشتیوانیی کۆمەڵایەتی لەنێوخۆ و دەرەوە.
چالاکیی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان رێکدەخرێ
دوای تەواوبوونی گفتوگۆکان لەبارەی پڕۆژەیاسای مانگی سووری تورکی، چاوەڕوان دەکرێ پەرلەمان دەست بە تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانی نیشتەجێبوون بکات.
پڕۆژەیاساکە، پلاتفۆرمە بیانییەکان پابەند دەکات مۆڵەت لە وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزاری تورکیا وەربگرن.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، ئەو پلاتفۆرمە بیانییانەی خزمەتگوزاری پێشکێش بە بەکارهێنەران لە تورکیا دەکەن، دەکەونە ژێر چاودێرییەوە و تۆماردەکرێن.
بە پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە، رێگە بۆ کارکردنی ماڵپەڕی بوکینگ (Booking) لە تورکیا خۆش دەبێت.
بودجەی چوار وەزارەت لە لیژنەی پلان و بودجە
لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمان درێژە بە گفتوگۆکانی لەبارەی بودجەی ساڵی 2027ـی وەزارەتەکان دەدات.
رۆژی دووشەممە: بودجەی وەزارەتی داد
رۆژی سێشەممە: بودجەی وەزارەتی گەنجان و وەرزش
رۆژی چوارشەممە: بودجەی وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان
رۆژی پێنجشەممە: بودجەی وەزارەتی پەروەردە
بڕیارە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە (10و11ـی مانگ)، پارتە سیاسییەکان کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان ئەنجام بدەن.
لیژنەی دامەزراوە ئابوورییە گشتییەکان
لیژنەی دامەزراوە ئابوورییە گشتییەکان بەردەوام دەبێت لە پێداچوونەوە بە خشتەی دارایی ساڵانی 2023 و 2024ی دامەزراوە ئابوورییە گشتییەکان.
ئەم هەفتەیە، لیژنەکە وردبینی لە خشتەی دارایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فڕۆکەخانەکانی دەوڵەت، دامەزراوەی پیشەسازیی ئامێر و کیمیا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هێڵی ئاسنینی دەوڵەت و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی پەیوەندیدار دەکات.
پرۆسەی چارەسەری
پرۆسەی چارەسەری رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر 27ـی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. هەروەها رۆژی 11ـی تەممووزی 2025 گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان لە سنووری دووکان لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان سووتاند.
دواتر (کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ـی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18ـی شوباتی 2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد. ئێستا چاوەکان لەسەر هەنگاوی یاسایی و چەکدانانی کردەیی پەکەکەن.
رۆژی 24ـی ئابی 2026، لیژنەی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی کە لەژێر چەتری یاسای (بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی) پێکهێندرا و یەکەم کۆبوونەوەی خۆی کرد. مژاری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرۆسەی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.
رۆژی 10ـی ئابی 2026، پەرلەمانی تورکیا پرۆژەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی خستە دەنگدانەوە. لە کۆی 562 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 468 پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ"یان بە پرۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 88 پەرلەمانتار دەنگی "نەخێر"یان دا و شەش دەنگی بێلایەنیش (بەتاڵ) هەبوون.
پەسندکردنی ئەم پرۆژەیاسایە دوای نزیکەی ساڵێک لە کاری بەردەوامی کۆمیسیۆنی پرۆسەی چارەسەری هات، کە تێیدا گوێ لە نزیکەی 140 کەسایەتی گیرا و چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کران.
پرۆژەیاساکە لە 12 مادە پێکهاتووە و لەژێر ناوی پێشنیازەیاسای بەهێزکردنی پاڵپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی پێشکەش کرابوو.
رۆژی 17ـی ئابی 2026، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆی لەسەر یاساکە کرد و لە 18ـی ئابی 2026 لە رۆژنامەی فەرمیی وڵات دا بڵاوکرایەوە و چووە واری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی 20ـی ئابی 2026، دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن، لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 7595 (یاسای پاڵپشتی نیشتمانی و بەهێزکردنی کۆمەڵایەتی)ـی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری دامەزرا.
ئەو دەستەیە بە سەرۆکایەتیی جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆمار پێکهێندرا. هەریەک لە وەزیرانی داد، بەرگری، ناوخۆ، دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (میت) و سکرتێری سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی تورکیا تێی دا ئەندامن. یەکەم کۆبوونەوەی ئەو دەستەیە لە 24ـی ئابی 2026 کرا.


