رووداو دیجیتاڵ
لە 10 مانگی رابردوودا تورکیا بە بەهای 9.9 ملیار دۆلار بەرهەمەکانی دانەوێڵەی هەناردە کردووە. هەرێمی کوردستان و عێراق بە کڕینی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار، گەورەترین کڕیاری دانەوێڵە و بەرهەمەکانی دانەوێڵەی تورکیان.
بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا ، هەناردەی دانەوێڵە، پاقلەمەنی، تۆوی رۆنی و بەرهەمەکانی دیکەی دانەوێڵەی تورکیا لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا (کانوونی دووەم – تشرینی یەکەم) گەیشتووەتە 9.9 ملیار دۆلار.
لە راگەیێندراوێکدا، ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا رایگەیاند، تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا، کەرتی دانەوێڵە و بەرهەمەکانی بە بەهای 1.3 ملیار دۆلار هەناردەیان کردووە.
هەرێمی کوردستان و عێراق لە پێشەنگی کڕیارانن
لە رووی وڵاتانی کڕیاریشەوە، بەپێی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا، هەرێمی کوردستان و عێراق بە کڕینی بەرهەم بە بەهای 1.2 ملیار دۆلار لە پلەی یەکەمدا دێن. ئەو بڕەی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوردەی دەکەن دەکاتە 12.5%ی کۆی گشتیی هەناردەکەی ئەو کەرتە لە تورکیا. دوای هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەمریکا بە کڕینی بەرهەم بە بەهای 735.8ملیۆن دۆلار، لە پلەی دووەمدا دێت.
لەسەر ئاستی بەرهەمەکانیشدا لە ماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا، هەناردەی رۆنی گوڵەبەڕۆژە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بە رێژەی 18.6% بەرزبووەتەوە و کۆی گشتیی داهاتەکەی یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، بەمەش لە پلەی یەکەمی بەرهەمە هەناردەکراوەکاندا دێت.
داهاتی بەرهەمە هەناردەکراوەکانی دیکە بەم شێوەیە بووە:
شوکولاتە و بەرهەمەکانی کاکاو: 886.5 ملیۆن دۆلار
بسکویت: 859.3 ملیۆن دۆلار
ماکەرۆنی: 847.5 ملیۆن دۆلار
نیهات ئویساللی، سەرۆکی دەستەی کەرتی دانەوێڵە لە ئەنجوومەنی هەناردەکارانی تورکیا رایگەیاند، زیادبوونی بەرهەمی گەنم، جۆ و گوڵەبەڕۆژە لە تورکیا، دەرفەتێکی گرنگی بۆ دابینکردنی کەرەستەی خاو بۆ کارگەکانی ئارد، ماکەرۆنی و رۆنی رووەکی لە ناوخۆدا رەخساندووە و توانای هەناردەکردنیشیان زیاتر بووە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تورکیا، کۆی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ساڵی 2025 لەنێوان تورکیا و عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە نزیکەی 16 ملیار دۆلارە.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە ماوەی نێوان کانوونی دووەم تاوەکو ئایاری 2026، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات 3.7 ملیار دۆلار بووە.
ئەمە لەکاتێکدا هەردوولا بەنیازن قەبارەی بازرگانی نێوانیان بگەیەننە 30 ملیار دۆلار.


