رووداو دیجیتاڵ
داتاکانی پلاتفۆرمی گووگڵ، ئەو 10 وڵات، هەرێم و ناوچەیەی جیهان لە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەخەن کە زۆرترین بەدواداچوون بۆ هەواڵ و یارییەکانی یانەی ئامەدسپۆر دەکەن. لە ریزبەندییەکەدا لە دوای تورکیا و باکووری کوردستان، هەریەکە لە قوبرس، ئەڵمانیا، باشوور و رۆژئاوای کوردستان دێن.
یانەی ئامەدسپۆر ئەم ساڵ لە خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ) رکابەریی یانە بەهێزەکانی ئەو وڵاتە دەکات و ناو بە ناو پلەی یەکەم دەگرێ.
نەخشەی دیجیتاڵیی هاندەرانی ئامەدسپۆر کە بە هاندەر و لایەنگرانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکان دەناسرێ، سەرنجی راکێشاوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی گەڕانی گووگڵ، یانەکەی ئامەد لە زۆر وڵات خاوەن پێگەیەکی بەهێزی هاندەرانە.
بەگوێرەی ئەنجامی گەڕانەکە، 10 لەو وڵات، هەرێم و ناوچانەی جیهان لە کایەی دیجیتاڵیدا زۆرترین بەدواداچوون بۆ ئامەدسپۆر دەکەن بەم شێوەیەن:
تورکیا
قوبرس
ئەڵمانیا
باشووری کوردستان و عێراق
سویسرا
ئازەربایجان
نەمسا
هۆڵەندا
رۆژئاوای کوردستان و سووریا
بەلجیکا
بوونی وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، سویسرا، نەمسا، هۆڵەندا و بەلجیکا لەم لیستەدا، پەیوەستە بە بوونی ژمارەیەکی زۆری دیاسپۆرای کورد لەو وڵاتانەدا.
هەروەها رێژەی بەرزی بەدواداچوون لە عێراق و سووریاش، پێشوازی و بایەخی گەرمی خەڵکی باشوور و رۆژئاوای کوردستان بۆ تیمی ئامەدسپۆر پێشان دەدات.
ئامەدسپۆر لای کورد تەنیا وەک یانەیەکی وەرزشی سەیر ناکرێ؛ بەهۆی ناسنامە کوردستانییەکەی و نوێنەرایەتیکردنی شاری ئامەد، لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لەسەرانسەری جیهاندا بووەتە سیمبوولی هاوپشتیی نەتەوەیی کورد.
لە هەر وڵاتێک کورد هەبێت، یاری و پێشهاتەکانی ئەو یانەیە لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێ و خەڵکەکە سەیری یارییەکان دەکات.
ئامەدسپۆر لە وەرزی 2023-2024دا بە پاڵپشتییەکی بێ وێنەی ملیۆنان هاندەر، بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە دووەکان و سەرکەوت بۆ خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ).
ئامەدسپۆر بە سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەی لەم خولەیشدا، بەردەوام زیاتر سەرنجی هاندەرانی خۆی رادەکێشێت و ئێستاش لە پلەکانی پێشەوەیە و ناو بەناو دەچێتە پلەی یەکەم و یانەکانی گاڵاتاساری، بێشکتاش، فەنەرباخچە تێدەپەڕێنێت. ئێستا ئامەدسپۆر و گاڵاتاسارای رکابەریی تووند لەسەر پلەی یەکەم دەکەن و زوو زوو دەستاودەستی پێ دەکەن.
ئامەدسپۆر
یانەی ئامەدسپۆر، ساڵی 1972 دامەزراوە و درێسەکەی تێکەڵەی رەنگەکانی سوور، سەوز و سپییە.
سەرەتا لەژێر ناوی (مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر) بەشداری لە خولە میللییەکانی ئامەد دەکرد.
ساڵی 1990 لەلایەن شارەوانیی ئامەدەوە کڕدرا و ناوەکەی بۆ (یانەی شارەوانیی دیاربەکر) گۆڕدرا.
ساڵی 2006-2007 توانی لە خولی پلە سێ خۆی بگەیێنێتە خولی یانە پلە دووەکانی تورکیا.
رۆژی 28-10-2014 لە کۆنگرەیەکدا ناوی یانەکە گۆڕا بۆ ئامەدسپۆر.
وەرزی 2023-2024 بووە پاڵەوانی خولی یانە پلە سێیەکانی تورکیا و خۆی گەیاندە خولی یانە پلە دووەکان.
وەرزی 2024-2025 بووە پاڵەوان و گەیشتە خولی یانە پلە یەکەکان.
وەرزی 2025-2026یش بووە پاڵەوان و گەیشتە خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ).



