رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا (دەڤا) وازی لە پارتەکەی هێنا و بەو هۆیەوە فراکسیۆنی رێگەی نوێ (یەنی یۆڵ) لە پەرلەمان ژمارەی پەرلەمانتارانی بۆ 19 دابەزی و هەڵوەشایەوە.
ئەرتوغرول کایا، پەرلەمانتاری پارتی دەڤا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پارتەکەی راگەیاند. بەوجۆرە ژمارەی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی رێگەی نوێ لە پەرلەمانی تورکیا بۆ 19 دابەزی. بەگوێرەی یاسای تورکیا، فراکسیۆن نابێت کەمتر لە 20 پەرلەمانتاری هەبێت.
کایا بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەمێکە لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتەکەیدا ناکۆکی و جیاوازیی بۆچوونی هەیە؛ هەروەها رایگەیاند پێشتریش بڕیاری جیابوونەوەکەی بە عەلی باباجان، سەرۆکی گشتیی پارتی دەڤا راگەیاندووە.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تورکیا، بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنێکی پەرلەمانی، پێویستە لایەنی کەم 20 پەرلەمانتار هەبن.
هەر فراکسیۆنێک ئەم مەرجە لەدەست بدات، بە شێوەیەکی خۆکارانە هەڵدەوەشێتەوە و پەرلەمانتارانی پارتەکانی ئەو فراکسیۆنە مامەڵەی پەرلەمانتاری سەربەخۆیان لەگەڵ دەکرێ.
فراکسیۆنی رێگەی نوێ چۆن پێکهێندرا؟
دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی 2023 پارتەکانی دەڤا، ئایندە و سەعادەت لەسەر بنەمای پێکهێنانی فراکسیۆنێکی هاوبەش کۆبوونەوە. ئەوکات پارتەکان نەگەیشتنە رێککەوتن.
تەممووزی هەمان ساڵ سەعادەت و ئایندە فراکسیۆنێکی هاوبەشیان پێکهێنا.
10 پەرلەمانتاری پارتی ئایندە چوونە نێو پارتی سەعادەت و بەو شێوەیە، پەرلەمانتارانی هەردوو پارت لەژێر چەتری پارتی سەعادەت و بە کۆی گشتیی 20 پەرلەمانتار، فراکسیۆنی پەرلەمانییان پێکهێنا.
کانوونی یەکەمی 2024 ئەو فراکسیۆنە بە دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارێک هەڵوەشایەوە.
ئەوەبوو عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و مەحموود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت، رازی بوو لەسەر ئەوەی بچێتە ناو فراکسیۆنەکە. فراکسیۆنی رێگەی نوێیان پێکهێنا.


