رووداو دیجیتاڵ
براوەی خەڵاتە گەورەکانی کولتوور و هونەری سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بۆ ساڵی 2026 دیاری کران.
رۆژی پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، براوەی خەڵاتە گەورەکانی کولتوور و هونەری سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بۆ ساڵی 2026 دیاری کران. تێیدا خەڵاتی وەفا بە شاعیر و نووسەری کلاسیکی کورد، ئەحمەدی خانی، بەخشرا.
بەپێی ئەو وێنەیەی کە لە پۆستێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، براوەکان بریتین لە:
•زانست و کولتوور: سەبری کۆز
•هونەرە نەریتییەکان: پرۆفیسۆر دکتۆر ئیلهامی توران
•ئەدەب: سیبەل ئەرئاسلان
•سینەما: بورچاک ئەڤرەن
•موزیک: پرۆفیسۆر دکتۆر گۆنول پاچاجی
•خەڵاتی وەفا: ئەحمەدی خانی
ئەردۆغان، لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی: "سوپاسی ئەو زانا و کەسایەتییە کولتووری و هونەرییە بەڕێزانە دەکەم کە شایستەی خەڵاتی گەورەی کولتوور و هونەری سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ ساڵی 2026 بوون. بەهۆی خزمەتە بێوێنەکانیان بە وڵاتەکەمان، بە رەحمەتەوە یادی ئەحمەدی خانی، یەکێک لە ئەستێرەکانی جیهانی دڵ و بیرکردنەوەمان، دەکەمەوە."
خەڵاتە گەورەکانی کولتوور و هونەری سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ساڵانە لە مانگی تشرینی دووەم لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لەلایەن سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەوە بەسەر خاوەنەکانیان دابەش دەکرێن.



