رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا، هۆشداریی دا لە ئەگەری لافاو و بارانی بەخوڕ لە 26 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا. بۆ چوار پارێزگا کۆدی پرتەقاڵی و بۆ 25 پارێزگای دیکە کۆدی زەردی راگەیاندووە.
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە، رایگەیاند، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی، پێشبینی دەکرێت رۆژی پێنجشەممە، 29-10-2026 لافاو، بارانێکی بەخوڕ و هەورەبرووسکە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان و تورکیا بگرێتەوە.
وەزیری ناوخۆ راشیگەیاند، کۆدی پرتەقاڵی بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی مۆغلا، ئەنتاڵیا، مێرسین و ئەدەنە دەکەوتنە سەر دەریای ئیجە، راگەیێندراوە. لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆر گرنگە ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو وەک لافاو، هەورەبرووسکە و رەشەبا."
لە لایەکی دیکەوە کۆدی زەرد بۆ 12 پارێزگای باکووری کوردستان و 14 پارێزگای دیکەی تورکیا راگەیێندراوە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر و بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن. داوای لە هاووڵاتییانیش کرد، پابەندی هۆشدارییەکان بن.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، کۆدی زەرد و پرتەقاڵی ئاماژەن بۆ ئاستەکانی ئەو مەترسییانەی کە رەوشی کەشوهەوا لەوانەیە دروستیان بکات.
کۆدی زەرد (کەم مەترسیدار) ئاماژەیە بۆ ئەوەی رەوشی کەشوهەوا ئەگەری مەترسیی هەیە. هەرچەندە دیاردەی کەشناسی نائاسایی روونادا، بەڵام ئەگەری هەیە ژیانی رۆژانە بکەوێتە ژێر کاریگەریی کەشوهەواوە.
کۆدی پرتەقاڵی (مەترسیدار) بە واتای ئەوە دێت کە رەوشی کەشوهەوا مەترسیدارە. ئەگەری روودانی لافاو و زریان هەیە کە زیان بەدوای خۆیدا دەهێنێت.



.jpg&w=3840&q=75)
