رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی زانیاریی چەواشەکارانەی سەر بە سەرۆکایەتیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە گوایە تورکیا دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا کردووە. ناوەندەکە رایدەگەیێنێت، ئەو دەنگۆیانە "بەشێکن لە هەڵمەتێکی زانیاریی چەواشەکارانەی بەئەنقەست و ئاشکرا کە ئامانج لێی دەستکاریکردنی رای گشتییە."
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2026، ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی زانیاریی چەواشەکارانە سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە هەندێک دەزگای راگەیاندنی نێودەوڵەتی و پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیادا سەریان هەڵداوە، راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە.
ناوەندەکە رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستوەردانی تورکیا لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئیسرائیل دەکەن، دوورن لە راستییەوە و چیدیکە رێگە نادرێت میدیای نێودەوڵەتی بەم جۆرە زانیارییە ناراست و ناڕەوایانە پشێوی بنێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەو دەنگۆیانەی لە هەندێک دەزگای راگەیاندنی نێودەوڵەتی و پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیادا بڵاو بوونەتەوە کە گوایە 'تورکیا دەستوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا کردووە'، بە تەواوی بێ بنەمان. ئەم دەنگۆیانە بەشێکن لە هەڵمەتێکی زانیاریی چەواشەکارانەی بەئەنقەست و ئاشکرا کە ئامانج لێی دەستکاریکردنی رای گشتییە. داواکارین بە گرنگییەوە سەیری ئەوە بکرێت کە متمانە بەم جۆرە هەواڵ و دەنگۆیانە نەکرێت."
لە راپۆرتــێکی رۆژنامەی (زە جەرووسلیم پۆست)ی ئیسرائیلیدا، بانگەشەی ئەوە کرابوو کە هەندێک لایەنی دەرەکی، لە نێویاندا تورکیا و قەتەر، دەستوەردانیان لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا کردووە. لە راپۆرتــەکەدا هاتبوو کە ئەو وڵاتانە پارەیان ناردووە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر رێژەی بەشداریی دەنگدەرانی عەرەب لە ئیسرائیل دروست بکەن. هەروەها ئاماژە بەوەش کرابوو کە دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل، لێکۆڵینەوە لە گومانەکانی دەستوەردانی دەرەکی لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات.



