رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی رایدەگەیێنێت، رۆژی 1ی تشرینی دووەم لە 24 شارەوە دەچنە ئەنقەرە و داوای سەرەکییان "ئازادکردنی ئۆجەلان" دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەکەمی 2026 ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ رایگەیاند، رۆژی 1ی تشرینی دووەم لە شاری ئامەدەوە بەرەو ئەنقەرە بەڕێدەکەون و لەوێ "نۆرەی ئاشتی" دەگرن.
نەزاهەت تەکە، ئەندامی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا رایگەیاند، رۆژی 1ی تشرینی دووەم، کاژێر 10:00ی بەیانی لە ئامەدەوە بەڕێدەکەون. هاوکات، ئەنجوومەنەکانی دایکانی ئاشتی لە 24 شاری دیکەی باکووری کوردستان و تورکیاوە لە هەمان رۆژدا بەرەو ئەنقەرە بەڕێدەکەون و لە پەرلەمان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆدەبنەوە.
نەزاهەت تەکە جەختی لەوە کردەوە، یەکەم داواکارییان لە ئەنقەرە ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، "ئەگەر ئازادیی ئەو مسۆگەر نەکرێت، هیچ یاسایەک کە دەربچێت مانای نابێت."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی ئاماژەی بەوەش کرد، بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025 هیوا و ئومێدێکی بۆ دروستکردوون، بەڵام ماوەی دوو ساڵە هیچ پێشهاتێک لەو بوارەدا رووینەداوە و پرۆسەکە تەنیا یەکلایەنە بەڕێوەچووە. هەربۆیەش داوای لە دەوڵەت کرد کە هەنگاوی کرداری بنێت.
هەروەها راشیگەیاند، "بۆ دابینکردنی پێگەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بۆ ئەوەی هەنگاو بنرێت، تێدەکۆشین. ئەگەر رێبەری گەلی کورد لەنێو ئەو کۆمیسیۆنانەدا بووایە کە دامەزران، پرۆسەکە باشتر بەڕێوەدەچوو. بۆ ئەمە دەچینە ئەنقەرە. داواکارییەکانمان دەگەیەنینە پارتە سیاسییەکان. تاوەکو رۆژی سێشەممە لەوێ دەبین."
نەزاهەت تەکە داوای لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئەنقەرە کرد، "خاوەندارێتی لە دایکانی ئاشتی بکەن" و پشتیوانیان بن. داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد، خۆیان لە زمانی دژە ئاشتی بەدووربگرن.
دایکانی ئاشتی، بزووتنەوەیەکی مەدەنیی ژنانی دژە تووندوتیژییە لە باکووری کوردستان و تورکیا کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بەو پێکدادانانەی لە پرسی کوردەوە سەرچاوەیان گرتووە و بنیاتنانی ئاشتیی کۆمەڵایەتییە.
ئەم دەستپێشخەرییە، کە زۆربەی کات لەلایەن ئەو ژنە کوردانەوە پێکهێنراوە کە منداڵەکانیان لە پێکدادانەکاندا لەدەستداوە، یان منداڵەکانیان لە زیندان یان لە شاخن، بە لەچکە سپییەکانیان و بانگەوازەکانیان بۆ ئاشتی ناسراون.
بزووتنەوەکە بۆ یەکەمجار لە قۆناخی ئاگربەستی ساڵی 1996 وەک دەستپێشخەرییەک خۆی راگەیاند، لە ساڵی 1999 بووە کۆمەڵە و لە شارە جیاوازەکاندا رێکخرا.




.jpg&w=3840&q=75)