رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە هەموو رۆژێک، متمانە بە سیستمی نێودەوڵەتی کەمدەکاتەوە و بێمتمانەیی دروست دەکات. پێویستە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و پاراستنی منداڵان لە پێشینەی کارەکانمان بێت."
ئەمرۆ هەینی، 23-10-2026، نۆیەمین کۆنفرانسی نێوەندگیریی ئیستەنبووڵ بەرێوەچوو. هاکان فیدان، گوتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکەی پێشکێش کرد و ئاماژەی بەوەدا کە جیهان رۆژ لە دوای رۆژ رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی بێمتمانەیی جیهانیی دەبێتەوە و گوتی: "لە چەند ساڵی رابردوودا، چەندین پێکدادان لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا سەریان هەڵداوە. کاریگەرییان لەسەر رێڕۆ بازرگانییە گرنگەکان و رێڕۆ دەریاییەکان هەبووە و پێشێلکردنی ئاگربەست بووەتە کارێکی رۆتینی."
وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە باجی مرۆیی ئەم دۆخە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت و ئامارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی خستەڕوو کە نزیکەی چارەکێکی دانیشتووانی جیهان لە ناوچەکانی ململانێدا دەژین و لە هەر 12 خولەکێکدا، هاووڵاتییەکی سڤیل گیان لەدەست دەدات.
"چارەسەری دادپەروەرانە بۆ فەڵەستین"
فیدان ئاماژەی بەوەکرد، دەرهاویشتەکانی کارەساتی مرۆیی لە فەڵەستین زۆر روونتر دەبینرێت و گوتی: " داگیرکاری لە غەززە و کەناری رۆژئاوا بەردەوامە و بەبێ هیچ سزایەک تێدەپەڕێت. پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە هەموو رۆژێک، متمانە بە سیستمی نێودەوڵەتی کەمدەکاتەوە. ئەم ناکۆکییە دەتوانرێت بە چارەسەرێکی سیاسیی دادپەروەرانە کۆتایی پێبێت."
سێ بنەما بۆ ئاشتی
فیدان سێ بنەمای سەرەکی بۆ گۆڕینی ئاراستەی ململانێکان بەرەو ئاشتی و خۆشگوزەرانی دیاری کرد:
یەکەم: دیالۆگی راستەقینە؛ گفتوگۆی لە دڵەوە لەنێوان لایەنەکان.
دووەم:. نێوەندگیریی بەردەوام بە واتای زیندووهێشتنەوەی دانوستاندنەکان، تەنانەت ئەگەر پێشکەوتن خاویش بێت.
سییەم: خاوەندارێتیی هەرێمی کە جەختکردنەوە لەوەی چارەسەری هەمیشەیی لە دەرەوە ناسەپێندرێت و دەبێت وڵاتانی ناوچەکە خۆیان خاوەنی پرۆسەکە بن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا روونیکردەوە کە قەیرانەکانی ئەمڕۆ کێشەیەکی قووڵتر دەردەخەن کە ئەویش "لەدەستدانی رەوایەتیی سیستمی نێودەوڵەتییە."
هاوپەیمانیی مەککە و پلاتفۆرمی ئاشتیی باڵکان
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، ناتوانرێت چارەسەرە هەمیشەییەکان لە دەرەوە بسەپێندرێن و دەبێت لایەنە هەرێمییەکان رۆڵی سەرەکییان هەبێت. لەم چوارچێوەیەدا باسی لە هاوپەیمانیی مەککە کرد کە بۆ "پاراستنی ئاسایش، ئاشتی و خۆشگوزەرانیی هەرێمی دامەزراوە و لەسەر بنەمای خاوەندارێتیی هەرێمی بنیات نراوە".
هەروەها فیدان باسی لە سەکۆی ئاشتیی باڵکان کرد کە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پراکتیکی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە کاردەکات.
نۆیەمین کۆنفرانسی نێوەندگیریی ئیستەنبووڵ کە دوو رۆژ دەخایێنێت، بە ناونیشانی "هاوبەشی و دیدگەی نوێ بۆ ئاشتی: نێوەندگیری لە جیهانێکی گۆڕاودا" بەڕێوەدەچێت.
کۆنفرانسەکە بەشێک لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان و کەسایەتی دیپلۆماسی و شارەزایانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرکردنی ململانێکان و نێوەندگیری کۆدەکاتەوە.



